کرمانج عوسمان: ئێران شەڕی ئیرادە لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات

K24-هەولێر:
راوێژکاری یاسای نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە دەکات، ئەوەی ئێران کردوویەتی دژ بە هەولێر و هەرێمی کوردستان، تاوانێکی نێودەوڵەتییە دژ بە مافی مرۆڤ و بنەماکانی دراوسیی باشە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە(18ی کانوونی دووەمی 2024)،کرمانج عوسمان، راوێژکاری یاسای نێودەوڵەتی لەبارەی هێرشە بێپاساوەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر و هەرێمی کوردستان بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، یاسای نیودەوڵەتی بەتەواوی رێگرە لەو جۆرە هێرشانەی ئێران دەیکات، چونکە لە کاتژمێرەکانی سەرەتای هێرشەکەی سەر هەولێر، ئەوە باسیلێوەکرا کە ئەو هێرشە پێشێلکاری یاسای نیودەوڵەتییە، دەڵێت: ئەوەی ئێران دژ بە هەولێر و هەرێمی کوردستان کردی، لە پێشێلکاری زیاترە بەگوێرەی یاسا و عورفی نێودەوڵەتی کە دوو تاوانی نێودەوڵەتی گەورەن دژ بە مافەکانی مرۆڤ، دەشڵێت: ئێران تۆمارێکی مێژوویی هەیە لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، لە ناوخۆ لە چەوساندنەوەی خۆ نیشاندانەکانی ناوخۆ و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە بەندیخانەکان، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش دژی بنەماکانی دراوسێیەتییە، هیچ لە بیانووەکانی ئێران تا ئێستا لەسەر هەرێمی کوردستان شوێنی خۆی نەگرتووە، عێراقیش ئەوەی دەرخستووە ئەوەی ئێران پرۆپاگەندەی بۆ دەکات، هیچ بنەمای نییە، لێکدانەوە و رەنگدانانەوەکان لەسەر ئاستی نیودەوڵەتی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەوەی ئێران دەیکات، پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە.
لەبارەی توانای عێراق بۆ سکاڵا کردن لەسەر ئێران، کرمانج عوسمان گوتی: هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر و هەرێمی کوردستان، پێشێلکارییە بەرامبەر سەروەری عێراق وەکو وڵاتێکی خاوەن سەروەری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، هاوکات پێشێلکردنی سەروەری هەرێمی کوردستانە لەسەر ئاستی ناوخۆ، لەسەر ئاستی نیودەوڵەتیدا عێراق دەتوانێت سکاڵا بکات چونکە پێشێلکارییە دژی سەقامگیریی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، دەشڵێت: ئەو ئاوارانەی ناوخۆی عێراق و نێودەوڵەتی لە هەولێر و هەرێمی کوردستانن، وا دەکات دووبارە مەترسی بکەوێتەوە سەر ژیانیان و ئاوارە ببنەوە، جگەلەوەی مەترسی هەیە لەسەر ئابووری هەرێمی کوردستان، بۆیە ئەو هێرشە لەسەر ئاستی ئاسایشی نێودوڵەتی مەترسییە بۆ سەر ناوچەکە، مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی، بۆیە تاوانێکی نێودەوڵەتییە، چونکە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە.
دەربارەی ئەو رێکارانەی کە دەتوانرێت بگیرێتە بەر، ئەو راوێژکارەی یسای نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوە کرد، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی چەندین ریکار هەیە بۆ ریگەگرتن لە دووبارە بوونەوەی ئەو هێرشانەی ئێران، لەوانەش سکاڵا کردن وکێشانەوەی باڵیۆز و کونسوڵەکان، هەروەها پچڕاندنی پەیوەندی ئابووری و دیبلۆماسی و کلتووری، لەگەڵ چەندین بابەتی دیکە وەکو کارتی فشار کە دەکرێ بەغدا کاری لەسەر بکات، دەڵێت: عێراق دەتوانێت داوای لیژنەیەکی نێودەوڵەتی بکات بۆ لێکۆڵینەوە لەو رووداوە، هەموو ئەو پرۆپاگەندەی ئێرانیش باسی لیێوەدەکات بۆ رای گشتیی و جیهان بڵاو بکاتەوە و ئاشکرای بکات کە دوورە لە راستیی.
راوێژکارە کەی یاسای نیودەوڵەتی تیشکی خستە سەر ئەوەی، ئەگەر هەرێمی کوردستان دەوڵەتیش نەبێت، بەڵام دەتوانێت لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە دۆستن لۆبییەکی بەهێز دروستبکات ، وەک لەنێو کۆنگرێسی ئەمریکا کە کورد لۆبییەکی باشی هەیە، ئەوان دەتوانن چەندین رەشنووسی یاسا ئامادە بکەن دژی ئێران لەسەر ئەو پێشێلکارییە، دەشڵێت: رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و نێودەوڵەتی دەکرێت بە هەماهەنگی هەموو ئەو پێشێلکارییانە دیکۆمێنت بکەن، چونکە هەر پێشێلکارییەکی مافی مرۆڤ ئەگەر بە دیکۆمێنت نەکرێت، لەبیر دەکرێت، لەکاتی دووپاتکردنەوە لەسەر ئەو تاوانانە پێویست دەبێت، بۆ ئەوەی بسەلمێندرێت کە کە خەڵکی سڤیل لە هێرشەکان بە ئامانج گیراوە و ئەوەی وەک تۆمەت بۆ ئەوان بەخشراوە، دوورە لە راستیەوە، بەتایبەت ئەو شار و ناوچانەی کە بوونەتە دەستە خوشکی هەولێر دەتوانن رۆڵێکی کاریگەر ببینن، بۆ ئەوەی نیشانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بدەین کە هەرێمی کوردستان قوربانییە.
کرمانج عوسمان پێی وایە، بۆ راگرتنی ئەو پێشێلکارییانەی ئێران جارێکی دیکە هێزی نێودەوڵەتی بەکار بێت بۆ راگرتنی ئێران، ناکرێ رێگە بدرێت ئەوانەی پێشێلکاریان کردووە بێ سزا دەربازییان ببێت، پێویستە نیشانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بدرێت کە هەرێمی کوردستان قوربانی شەڕێکە کە دوور و نزیک پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە، ئەو تۆمەتانەی کە دەخرێتە پاڵیشی هیچ بنەمایەکیان نییە، ئەو شەڕە،شەڕی ئیرادەیە و دەیانەوێت هەرێمی کوردستان چۆک دابدات، بەڵام گەلی کوردستان و خودی سەرۆک بارزانی چەندین جار دووبارەی کردۆتەوە کە ئێمە ئامادەین خۆمان بکەینە قوربانیی، بەڵام ملکەچ ناکەین لەو ئامانجە نەتەوەییانەی رەوان بۆ گەلی کوردستان، دەڵێت: حکومەتی هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی حەکیمانەی هەبووە لە پاراستنی بێلایەنی خۆی لە کێشە و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، بەڵام ئەوان هەوڵدەدەن هەرێمی کوردستان تێوە بگڵێنن و بیخەنە نێو ئاڵۆزی و کێشەکانەوە، تێکدانی سەقامگیری هەولێر و هەرێمی کوردستان بە ئاسانی بەسەر هیچ لایەکدا تێپەڕ نابێت.