هەولێر.. هەشت منداڵی تازە لەدایکبوو بەناوی ژینە و پێشڕەو ناونران

K24 – هەولێر:
لە تەواوی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان خەڵکی هاوخەمی بۆ کارەساتەکەی هەولێر دەردەبڕن، لە نەخۆشخانەی لەدایکبوون و فێرکاری هەولێر هەشت منداڵی لەدایکبوو بە ناوی ژینە و پێشڕەو ناونران، کەسوکاری منداڵەکانیش دەڵێن: "بۆ زیندوو هێشتنەوەی شەهید پێشڕەو و ژینە ئەو ناوانەمان لێناون".
کەسوکاری منداڵە تازە لەدایکبووەکان کە منداڵەکانیان ناوناون ژینە و پێشڕەو دەڵێن:" وەک وەفایەک بۆ شەهید پێشڕەو و ژینەی کچی، هەروەها بۆ زیندوو هێشتنەوەی ناوەکانیان، منداڵەکانمان بە ناوی ئەوانەوە کرد".
لە نەخۆشخانەی لەدایکبوون و فێرکاری هەولێر هەشت منداڵ کە لەدوای هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر لەدایکبوون بۆ زیندوو هێشتنەوەی ناوەکانی ژینە و پێشڕەو سێ لەوان ناونران بە پێشڕەو، پێنجیشیان ناونران ژینە.
لەلایەن خۆیەوە شادان شێروان، بەڕێوبەری نەخۆشخانەی لەدایکبوونی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، دایک و باوکان بە پێشنیازی ئێمە و بە ئارەزووی خۆیان رەزامەندبوون کە ناوی کۆرپەکانیان بە ناوی ئەم دوو شەهیدە سەربەرزە ناوبنێن، کە ئەمەش وەڵامێکە بۆ دووژمنان کە بزانن ئیرادەی گەلەکەمان زۆر بەهێزە.
درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) سووپای پاسدارانی ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی کردە ئامانج، بەگوێرەی نوێترین ئامار پێنج هاووڵاتی سڤیل شەهید بوونە و شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون، زیانی زۆریش بەر ماڵ و خانووی هاووڵاتییانی هەولێر و دەوروبەری کەوتووە.