گوتهبێژی پێشووی سێنتکۆم: ئێران پشتیوانی لە گرووپە تیرۆریستییەکان دەکات
K24 – هەولێر:
گوتهبێژی پێشووی فهرماندهیی ناوهندی ئهمەریكا"سێنتكۆم"، رایدەگەیەنێت، ئێران نایەوێت رووبەڕوو بکەوێتە جەنگ لەگەڵ ئەمەریکا، بۆیە دێت هێرش دەکاتە سەر ئەو ناوچانەی کە دڵنیایە لەلایەن ئەمەریکاوە هێرشی ناکرێتەوەسەری. گوتیشی: ئێران گوێ نادات بە ژیانی خەڵک، تەنیا یەک شت لەلای گرنگە ئەویش پاراستنی ئایەتوڵڵایەکانییەتی.
جۆ بوچینۆ، گوتهبێژی پێشووی فهرماندهیی ناوهندی ئهمەریكا "سێنتكۆم"، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، ئێران دەیەوێت نمایشی هێزەکانی خۆی بکات بۆ ئەوەی بڵێت "دەتوانین هێرش ئەنجامبدەین"، ئێران پشتیوانی گرووپە چەکدارەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، بە تایبەت ئەو گرووپە تیرۆریستییانەی کە کێشە دروست دەکەن.
گوتهبێژی پێشووی"سێنتكۆم"، راشیگەیاند، ئێران نایەوێت رووبەڕوو بکەوێتە جەنگ لەگەڵ ئەمەریکا، بۆیە دێت هێرش دەکاتە سەر ئەو ناوچانە کە دڵنیایە هێرشی ناکرێتەوەسەر لەلایەن ئەمەریکاوە، چونکە پێی وایە ئەمەریکییەکان هێرش دەکەنەوە سەر گرووپە چەکدارەکانی نزیک لەخۆی، نەک راستەوخۆ هێرش بکەنە سەر دەوڵەتەکەیان.
جۆ بوچینۆ، ئاماژەی بەوەدا، ئێران هێرش دەکاتە خەڵکی سڤیل و هیچ گوێ ناداتە ژیانی خەڵک، دۆزی فەڵەستین بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی هەژموونی خۆی لە ناوچەکە فراونتر بکات، یەک شت لەلای ئێران گرنگە ئەویش پاراستنی ئایەتوڵڵایەکانییەتی.
گوتهبێژی پێشووی"سێنتكۆم"، گوتیشی: "ئەو دەستوەردانەی ئێران بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنیا بۆ ترساندنی گەلەکەیەتی کە بڵێت تا ئێستا دەسەڵاتم هەیە و ئەتوانم هێرش ئەنجامبدەم".
جۆ بوچینۆ، باسی لەوەکرد، عێراق وڵاتێکی سەربەخۆیە و هێزی سەربازی و حکومەتی خۆی هەیە، بۆیە بەرپرسیارەتی خۆیانە وڵاتەکەیان بپارێزن، نەک بەرپرسیارەتی هێزەکانی ئەمەریکا بێت.
گوتهبێژی پێشووی"سێنتكۆم"، روونیکردەوە، ئەمەریکا و کۆمەڵەگەی نێودەوڵەتی هیچ هەڵوێستێکیان دژی ئێران نابێت لەسەر هێرشەکەی بۆ سەر هەولێر، ئەوان هەوڵدەدەن لە رێگەی دیپلۆماسی ئاڵۆزییەکان کەم بکەنەوە و هیچ کاردانەوەیەکی توندیان نابێت بەرامبەر بە ئێران.
جۆ بوچینۆ، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، ئیدارەی بایدن ئیدارەیەکی لاوازە و بۆیە ئێران بەردەوامە لە هێرش و هەڕەشەکانی چونکە دەزانێت ئیدارەی بایدن هێرشی ناکاتەوەسەری.
گوتهبێژی پێشووی"سێنتكۆم"، ئاماژەی بەوەشکردووە، ناوبانگی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لاوازکراوە، رێگەدراوە حووسییەکان دەرچەی بازرگانی کۆنتڕۆڵ بکەن و هەژموونیان هەیە لەسەر ئابووری جیهان، ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لاوازە و چین بەو لاوازیەی دەزانێت، بۆیە هەوڵدەدات لە رێگەی تایوانەوە پەیام ئاراستەی ئەمەریکا بکات.
جۆ بوچینۆ، گوتیشی: هاوپەیمانان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنیا لە پێگەی بەرگریکردندان و مووشەک و درۆنەکان دەخەنە خوارەوە و هیچ هێرشێک ناکەن، دەبێت هاوپەیمانان بە کردار چالاکییەکانی ئێران لەو ناوچانە رابگرن.