فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا: سێ بنکەی حوسییەکانیان کردە ئامانج
K24 - هەولێر
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا "سێنتکۆم" رایگەیاند، سێ بنکەی حوسییەکانیان کردووەتە ئامانج کە لە هەوڵدا بوون هێرش بکەنە سەر کەشتییەکانی دەریای سوور.
ئەمڕۆ شەممە، 20ـی کانوونی دووەمی2024، فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا "سێنتکۆم" لە رێگەی پلاتفۆمی X "تویتری پێشوو" رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پاراستنی گیانی کەشتیوانەکان و رێگریکردن لە هێرشکردنە سەر کەشتییە دەریاییەکان هێرشییان کردووەتە سەر بنکەی حوسییەکانی یەمەن لە دەریایی سوور و تێکیان شکاندووە.
فەرماندی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا راشیگەیاند، مووشەکەکان لەو شوێنانەوە ئاراستەکراون کە یەمەن کۆنتڕۆڵیان کردوون، هەر لەوێوە هەڕەشە بۆ کەشتییە بازرگانییەکانی ئەمەریکا لە دەریای سوور دروست دەکەن.
پێشتر فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا ئەوەی رایگەیاندبوو، ئەو هێرشانە مەترسین لەسەر بازرگانیی نێودەوڵەتی و ئاسایشی دەریایی و دەزانین ئەو هێرشانەی حوسیەکان ئەنجامی دەدەن، لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت.
فەرماندەیی ناوەندی پشتڕاستیشی کردەوە کە "ئەم رێوشوێنە بۆ سەلامەتی ئاوە نێودەوڵەتییەکان و کەشتییە دەریایی و بازرگانییەکانی ئەمەریکایە".
لەلایەکی دیکەوە بە گوتەی بەرپرسێکی ئەمەریکی، ئەمە شەشەمین جارە لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا ئەمەریکا گرووپی یاخیبووەکانی سەر بە ئێرانی بکاتە ئامانج، ئەوەش دوای بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگی F/A-18 بۆ لێدانی مووشەکی بالیستیی حوسییەکان.