بەهۆی تەقینی بوتڵێکی غاز ژمارەیەک هاووڵاتیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان برینداربوون

K24 - هەولێر
لە شاری تیکابی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی گڕگرتن و تەقینی بوتڵێکی غاز لە ماڵێکدا ژمارەیەک هاووڵاتیی برینداربوون و یەكێک لە بریندارەکان تەندروستی ناجێگیرە.
محەمەد سەعید ئومێدی بەرپرسی بەشی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی تیکاب بە ئاژانسی ئیرنای راگەیاندووە، لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شارۆچکەکە بەهۆی گڕگرتن و تەقینی بوتڵێکی غازی ماڵان نۆ هاووڵاتیی برینداربوون و لەلایەن تیمەکانیانەوە گواستراونەتەوە نەخۆشخانە.
هەروەها ئاماژەیداوە، رووداوەکە بەهۆی لێچوونی گازەوە بووە و بووەتە هۆی تەقینەوە و داڕوخانەی بەشێک لە خانووە، ئێستاش تەواوی بریندارەکان لە ژێرچاودێری پزیشکی و چارەسەری تەندروستیدان، بەڵام یەکێک لە بریندارەکانی بەهۆی زۆری رێژەی سووتانەوە تەندروستی ناجێگیرە.