بۆرێل پارەدارکردنی حەماس لەلایەن ئیسرائیلەوە ئاشکرا دەکات
K24 - هەولێر
جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بە "پارەدارکردنی" بزووتنەوەی حەماس کە دەسەڵاتی لە غەززە بەدەستەوەیە و هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری رابردووی بۆ سەر خاکی ئیسرائیل ئەنجام دا.
لە چەند رۆژی رابردوودا، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، دژایەتی خۆی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی بژاردەی فەڵەستینی راگەیاند، ئەمەش رەخنەی هاوپەیمانەکەی ئەمەریکای لێکەوتەوە، کە دەڵێت پشتیوانی لە چارەسەری دوو دەوڵەتی دەکات.
بۆرێل گوتی: ئێمە پێمان وایە کە دەبێت چارەسەری دوو دەوڵەتی لە دەرەوە بسەپێندرێت بۆ ئەوەی ئاشتی بەدیبهێنرێت، جەختیشی لەوە کردەوە، "من پێداگری لەسەر ئەوە دەکەم کە ئیسرائیل، بە بەردەوامبوون لە رەتکردنەوەی ئەم چارەسەرە، خۆی حەماسی دروستکردووە".
بەگوتەی بۆرێل "حەماس لە لایەن حکومەتی ئیسرائیلەوە پارەی بۆ دابینکرا وەک هەوڵێک بۆ لاوازکردنی دەسەڵاتی فەڵەستینی فەتح، بەڵام ئەگەر بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە دەستوەردان نەکەین، سووڕی رق و توندوتیژی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە بەردەوام دەبێت".
لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا کەرتی غەززە کە لەلایەن حەماسەوە کۆنترۆڵکراوە و لەلایەن ئیسرائیلەوە گەمارۆدراوە، ملیۆنان دۆلار هاوکاری لە قەتەرەوە وەرگرتووە، رەخنەگرانیش ناتانیاهۆیان تۆمەتبارکرد بەوەی هاوکاری دارایی بزووتنەوەکەی کردووە، ئەویش رەتیدەکاتەوە.