ئیسرائیل دیمەشقی بۆردوومانکرد
K24 - هەولێر
ئیسرائیل باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی لە دیمەشق بۆردوومانکرد و بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل کوژراو و برینداربوون.
ئاژانسی هەواڵی سووریا بڵاویکردووەتەوە، نزیکەی کاتژمێر 10:45 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 20-01-2024، ئیسرائیل باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی لە گەڕەکی "مەزە" لە دیمەش کردووەتە ئامانج.
لە ئاکامی هێرشەکەدا، وەکو ئەوەی ئاژانسی هەواڵی سووریا ئاماژەی پێ کردووە، چوار هاووڵاتیی سڤیل کوژراون و ژمارەیەک هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.
تاوەکو ئێستا سوپای ئیسرائیل هیچ راگەیەندراوێکی فەرمی لەبارەی هێرشەکە بڵاونەکردووەتەوە. بەشێک لە میدیاکانی سووریا دەڵێن، ئەو گەڕەکەی ئەمڕۆ بۆردوومانکراوە، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لێی جێگیرکراون.
ئەمە لە کاتێکدایە لە دوای سەرهەڵدانی جەنگی نێوان حەماس و سوپای ئیسرائیل، لە 07ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەند جارێک تۆپباران و گرژی لە ناوچە سنوورییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ سووریا و لوبنان هەبووە.
هاوکات گرووپە چەکدارەکان کە ئیسرائیل دەڵێت، سەر بە ئێرانن، چەند جارێک لەنێو سووریاوە ناوچە جیاجیاکانی بەرزاییەکانی جۆلانیان کردووەتە ئامانج. حیزبوڵڵای لوبنانیش لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری لوبنانەوە مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل کردووە، سوپای ئیسرائیلیش لە رێگەی بۆردوومانکردن و تۆپبارانکردنی پێگەکانی ئەو گرووپانەوە وەڵامی هێرشەکانی داوەتەوە.