نەتەوە یەکگرتووەکان: نزیکەی پێنج ملیۆن خاوەن پێداویستی تایبەت لە یەمەن دۆخێکی سەخت دەگوزەرێنن
K24 - هەولێر
راپۆرتێکی نوێی نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی لە یەمەن پشتڕاستی دەکاتەوە، کە رێژەی کۆلێرا لە مانگی رابردوودا لەو وڵاتە دابەزیوە، هەروەها لە سێ مانگ پێشوودا ئەم رێژەیە بەرزبووەوە بۆ زیاتر لە هەزار حاڵەت و مەزەندەی ئەوەش دەکات، 4.9 ملیۆن خاوەن پیداویستی تایبەت رووبەڕووی دۆخێکی زۆر سەختی ژیان ببنەوە.
لەراپۆرتەکەدا هاتووە، لەماوەی چارەگی کۆتایی ساڵی 2023، لە چەند پارێزگایەکی یەمەن حاڵەتی نەخۆشییەکانی هاوشێوەی کۆلێرا بەرزبووەوە.
راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوەشکردووە، تاوەکو 31-12-2023، بە گشتی هەزار و 80 حاڵەتی پەیوەندیدار بە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە تۆمارکراون، کە 23 هەرێم لە نۆ پارێزگادا دەگرێتەوە، لەنێویاندا شەش حاڵەتی مردن هەیە، کە منداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵ نزیکەی یەک لەسەر سێی کەیسەکان پێکدەهێنێت، راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارە راستەقینەکان زۆر زیاترن بەهۆی کەم تۆمارکردنیان لە ناوچە جیاوازەکاندا، بە تایبەت لە بەشی باکووری وڵات کە لە ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکاندایە.
نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە گێڕانەوەی ئەو هاوبەشانەی کە لە نزیکەوە چاودێری دۆخی پارێزگاکانی دیکە دەکەن، لەوانە مەئرەب، ئەلبەیزا و ئەلجوف، هەندێک ئاماژە هەن بۆ باشتربوونی وردە وردەی دۆخەکە.
هەر بەگوێرەی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ژمارەیەکی زۆری ئاوارە و بریندار هەن، کە لەنێوانیادا خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی تێدایە، کە رووبەڕووی کۆمەڵێک ئاڵنگاری دەبنەوە .
لە ڕاپۆرتەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە بەربەستەکانی بەردەم یەکخستنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بەرچاون، بەهۆی داڕمانی پشتیوانی کۆمەڵگا، ململانێ، کێشە ئابوورییەکان، نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و چەواشەکاری بەربڵاو و دابڕانی کۆمەڵایەتی.
دەشڵێت: لە راپرسییەکی ساڵی رابردوودا ئەوە خراوەتە روو، لەسەدا 89ـی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان هەست بە بێڕێزیکردن دەکەن لەلایەن کۆمەڵگاکانیانەوە، هەروەها دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک چاودێری تەندروستی و پەروەردە بەس نییە، کە ئەمەش ئاڵنگاری جددی بۆ خۆشگوزەرانییان دروست دەکات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، نەبوونی داتای تۆکمە لەسەر کەمئەندامی بەتایبەتی لە باکووری یەمەن، رێگری دەکات لە تێگەیشتن لە پێداویستییەکانیان، بەتایبەتی بۆ ژنان و کچانی خاوەن پێداویستی تایبەت، ئەمەش دۆخەکەیان زۆر قورس دەکات، چونکە زۆرجار پێداویستییەکانیان پشتگوێ دەخرێن، چونکە رێکخراوی تەندروستی جیهانی مەزەندە دەکات کە نزیکەی 4.9 ملیۆن کەسی خاوەن پێداویستی تایبەت لە یەمەن هەن.
نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان راشیگەیاند، رەنگە ئەم کەمبوونەوەیەی نەخۆشیەکە بەهۆی ساردی کەشوهەواوە بێت، هەروەها وەک دۆخێکی کاتی و دەرفەتێک بۆ بەهێزکردنی رێکارەکانی ئامادەکاری لە پێشبینیکردنی وەرزی بارانبارینی داهاتوودا سەیر دەکرێت، کە دەتوانێت ئاسانکاری بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا بکات.