سوپای پاسداران کوژرانی چوار فەرماندەی لە دیمەشق راگەیاند

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق
هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق

K24 – هەولێر

سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا کوژرانی چوار فەرماندەی لە ئەنجامی هێرشێکی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق راگەیاند، یەكێک  لە کوژراوەکان یاریدەدەری هەواڵگری فەیلەقی قودسی پاسدارانە.

بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، لە هێرشێکی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ژمارەیەک لە هێزەکانی سووریا، چوار راوێژکاری سەربازیان لە دیمەشقی پایتەختی سووریان کوژراون.

هەروەها کوژراوەکانی ئاشکرایکردووە، یەکێکیان یاریدەدەری بەرپرسی هەواڵگری فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانە و ناوی حوجەتوڵڵا ئومێدەوارە و سێ راوێژکارەکەی دیکەش بەناوەکانی عەلی ئاغازادە، حسێن محەمەدی و سەعید کەریمین.

پێشتر روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، سوپای ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی سەرکردەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانی لە باڵەخانەیەکی گەڕەکی مەزە لە دیمەشق کردە ئامانج و بە تەواوی وێرانیکردووە، لە ئەنجامی هێرشەکەدا پێنج کەس کوژراون لە نێویاندا بەرپرسانی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران هەن.