یەحیا سونبول: عێراق بۆتە گوندێکی بچووکی ئێران
k24-هەولێر:
شرۆڤەکارێکی سیاسیی ئاماژە بەوە دەکات، عێراق پێویستە هەنگاوی کردەیی بەرامبەر ئێران بگرێتە بەر، چونکە دەسەڵاتی ئێران بۆ سەر عێراق فراوان بووە، بەشێوەیەک بۆ بڕیارەکان بۆ هیچ کەسێک ناگەڕێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە(20ی کانوونی دووەمی 2024)، یەحیا سونبول شرۆڤەکاری سیاسی بۆ کوردستان24 لەبارەی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێرئاماژەی بەوە کرد، ئێران ئەو کردەوە تاوانکارییە ترسنۆکانە ئەجام دەدات کە دوورە لە تەواوی پەیمان و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، دەیەوێت بەو کارەی هێزی خۆی لە ناوچەکە نیشاندەدات، چونکە ئێران لە ناوچەکە پەرواێزخراوە و گەمارۆی خراوەتە سەر، بۆیە ئەو کارانە لەژێردروشمی درۆ و ناڕاست ئەنجام دەدات، دەشڵێت: ئێران ئەو کارانە دژی خەڵکی سڤیل دەکات، بێ ئەوەی هیچ پاساوێکی راستەقینەی هەبێت، تەنها دەیەوێت پەیامێک بۆ وڵاتە زلهێزەکان بنێرێت، دەیەوێت بڵێت کە هیشتا دەتوانن هێزی خۆیان لە ناوچەکە بسەپێنن، هەروەها دەیەوێت قەیرانە ناوخۆییەکانی پەرش و بڵاوی ولاتانی دراوسێ و ناوچەکە بکات، بۆ ئەوەی خۆی لە کاردانەوەکانی ناوخۆ بدزێتەوە.
یەحیا سونبول دەڵێت: ئەو هێرشانە پێشێلکردنی سەروەری عێراقە، ئەگەر ئێران دان بەوەدا بنێت کە عێراق خاوەنی سەروەری خۆیەتی، کەواتە پێشێلی ئەو سەروەرییەی کردووە، دەشڵێت: بەرپرسە باڵاکانی ئێران کە دێنە عێراق بەهێچ شێوەیەک مۆر لە پاسپۆرتەکانیان نادرێت و دان بە عێراقدا نانێن، ئەوان کە ئەو هێرشانە دەکەنە سەر عێراق، کارێک دەکەن دوور لە رێککەوتنە ئەمنییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە، هێرشەکان پێشێلکردنی رێککەوتنەکانیشە، بۆیە رێککەوتنەکان تەنها رەنگن لەسەر کاغەز و هیچ بەهایەکی راستەقینەیان نییە.
ئەو شرۆڤەکارە ئاماژە بەوە دەکات، یەکەمجارە کە دەبینین عێراق هەڵوێست وەردەگرێت، دەڵێت: ئێمە دەمانەوێت ئەو هەڵوێستە کردەوەی لەگەڵدا بێت لەبەرامبەر ئەو کارە تاوانکارییانەی ئێران کە بەرامبەر عێراق ئەنجامی دەدات، رایدەگەیەنێت: ئێران لەلای خۆی کردەوەکان ئەنجام دەدات، گرووپە چەکدارەکانیش کردەوەی دیکە ئەنجام دەدەن، میلیشیاکانیش خەریکی کردەوەی دیکەن، هەموویان سەر بە سوپای پاسدارانن و، فەرمانەکان لە سەرکردەکانی ئێران و خامەنیی وەردەگرن، پێویستە بە کردەوە رێگە لە ئێران بگیرێت بەرامبەر پێشێلکارییەکان.
لەبارەی دەسەڵاتی ئێرانیش بەسەر عێراقدا، ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە گوتی:ئێران دەستی بەسەر جومگەکانی دەسەڵاتی عێراقدا گرتووە و بە بەرچاوی هەموو جیهان، ئەو گرووپانەی ئێران لە ناوچەکە پارەداریان دەکات، ئەجێندای خۆیانی پێ جێبەجێ دەکات، دەستیان بەسەر حکومەتی عێراقدا گرتووە، گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکانی سەر بە ئێران لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە پڕ چەک دەکرێن، دەڵێت: بەو هێرشەی بۆسەر هەولێر ویستی بڵێت دەسەڵاتیی بەسەر تەواوی عێراقەوە هەیە و بۆ هەر بڕیاردانێک ناگەڕێتەوە بۆ هیچ کەسێک، عێراق گوندێکی سەر بە ئێرانە، پێی وایە عێراقییەکان وەکو جەماوەر دەسەڵاتی ئێران لەسەر وڵاتەکەیان رەت دەکەنەوە.