باڵیۆزی بەریتانیا: هێرشەکەی سەر عەین ئەسەد مەترسیدارە و قەبوڵکراون نییە
K24 - هەولێر
ستیڤن هێچن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەر)ی پێشوو نووسیویەتی، هێرشەکەی ئێوارەی دوێنێ بۆ سەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد، کە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تێدایە، پێشهاتێکی مەترسیدارە و قەبوڵکراو نییە.
هەر لە پەیامەکەیدا، هیوای زووچاکبوونەوەی بۆ بریندارانی هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی خواستووە.
هەر لەبارەی هێرشەکە، مەهدی کەعبی، بەرپرس لە بزووتنەوەی نوجەبای عێراقی رایگەیاندووە، مووشەکی خێرا و بەهێز لە هێرشەکەی سەر بنکەی عەین ئەسەد بەکارهێنراوە.
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، کاتژمێر 6:30ی ئێوارەی دوێنێ بە کاتی بەغدا گرووپە میلیشیاکانی عێراق، کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، بە چەند مووشەکێکی بالیستی بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەدیان کردە ئامانج، هەرچەندە لە رێگەی سیستەمی بەرگرییەوە بەشێک لە مووشەکەکان تێکشکێنران، بەڵام چەند مووشەکێک بنکەکەیان پێکاو بەهۆیەوە سەربازێکی عێراقی بە سەختی و ژمارەیەک سەربازی ئەمریکیش بەسووکی برینداربوون.
لەدوای رووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023 و فراوانبوونی شەڕی سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس، هێرشی درۆنیی و مووشەکییەکانی گرووپەکانی بەناو موقاوەمەی عێراقی، کە ئەمەریکا بە دەستوپێوەندەکانی ئێران ناویان دەبات، بۆ سەر بنکەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا زیادی کردووە و بەگوێرەی ئامارێکی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لە 17ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە تاوەکوو ئێستا گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران 140 هێرشیانکردووەتە سەر هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، کە 57 هێرشیان لە عێراق و 83 هێرشەکەی دیکەش لە سووریا بوون.