ئێران گەنجێکی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسیی راپێچی زیندان دەکات

K24 – هەولێر
رێکخراوی هەنگاو بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، گەنجێکی دانیشتووی گوندی گەزگەسەکی سەر بە شاری پیرانشار، بە تۆمەتی چالاکی سیاسیی و بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان راپێچی زیندانی نەغەدە دەکرێت.
رێکخراوی هەنگاو ئاماژەیداوە، سینا دەشمیر، بە تۆمەتی چەند کەیسێکەوە راپێچی زیندانکراوە، کەیسی یەکەمی ئەو گەنجە کوردە لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلاب لە شاری مەهاباد بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران" سزای 40 مانگ بەندکردنی بۆ دەرکراوە، هەروەها بە تۆمەتی "نووسینی دروشم و هەوڵی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی"، سزای 35 مانگ بەندکردنی بۆ بڕاوەتەوە.
جیا لەم دوو سزایە، لە دۆسیەیەکی دیکەدا، لەلایەن لقی 102ی دادگای تاوانەکان لە پیرانشار بە تۆمەتی "هەوڵی تێکدانی ئاسایشی گشتی" سزای سێ مانگ بەندکردن و لێدانی 40 قامچی بەسەریدا سەپێندراوە.