حزبوڵڵای لوبنان: هێزێکی ئیسرائیلیمان کردووەتە ئامانج

سەربازانی ئیسرائیل
سەربازانی ئیسرائیل

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ دووشەممە، حزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند، چەکدارەکانیان هێزێکی ئیسرائیلیان لە دەوروبەری جەلیلی سەرەوە کردووەتە ئامانج، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرش لە ناوخۆی لوبنان.

حزبوڵڵای لوبنانی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، هێرشەکە لە رێگەی مووشەک بووە، ئاماژەی بەوەشکرد، سەربازانی سوپای ئیسرائیل لە ئەمجامی هێرشەکەدا برینداربوون.

لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، ئەمشەو سێ مووشەک کە لە باشووری لوبنانەوە هەڵدراوە و لە ناوچەیەکی نزیک شومێرە کەوتووەتە خوارەوە.

میدیاکانی ئیسرائیل رایانگەیاند، بە هۆی هەڵدانی ئەو مووشەکانە زەنگی ئاگادارکردنەوە لەو ناوچەیەدا لێدراوە، کە بە هۆیەوە سەدان کەس لە ناوچەی جەلیلی سەرەوە لە باکووری ئیسرائیل لە ماڵەکانیان هاتوونەتە دەرەوە.

رۆژی دووشه‌ممه‌ 8ـی كانوونی دووه‌می 2024، حزبوڵڵای لوبنانی رایگه‌یاند، به‌هۆی بۆردومانی سوپای ئیسرائیل بۆ سه‌ر باشووری لوبنان ویسام حه‌سه‌ن ته‌ویڵ ناسراو به‌ "حاجی جه‌واد" كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ سه‌ركرده‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌و حزبه‌ كوژراوه‌.

هاوكات هه‌ندێك له‌ سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردووه‌، ناوبراو فه‌رمانده‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی حزبوڵڵا بووه‌ به‌ باشووری لوبنان.

هاوکات ئه‌فیخای ئه‌دەرعی، گوته‌بێژی سوپای ئیسرائیل له‌ پلاتفۆڕمی ئێكس بڵاویكرده‌وه‌، فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌ ئیسرائیل له‌ هێرشێكدا ژێرخانی حزبوڵڵایان له‌ ناو لوبنان و چه‌ند پێگه‌یه‌كی سه‌ربازیی له‌ باشووری ئه‌و وڵاته‌ به‌ئامانج گرتووه‌.

لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، ملاملانێی نێوان حزبوڵڵای لوبنانی و هێزەکانی ئیسرائیلیش سەریهەڵدا، هاوکات چەندین جار یەکدییان بۆردومان کردووە کوژراو و برینداریش لەنێوانییاندا هەیە.