ئەرکان بیبانی: ئەمساڵ هەزار و 70 کەسمان بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیر کردووە

ئەرکان بیبانی
ئەرکان بیبانی

K24-هەولێر:

ئەفسەرێکی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر ئاماژە بەوە دەکات، هەرێمی کردستان کەوتۆتە سەر هیڵی گەرمی جیهانی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر، بەڵام دامەزراوەکانی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر وایان لە بازرگانە نێودەوڵەتییەکان کردووە، ئاڕاستە بازرگانییەکانیان لە هەرێمی کوردستانەوە بگوازنەوە وڵاتانی دیکە، لە ساڵی 2023 بۆ 2024، هەزار و 70 کەس لەوانە دەستگیرکراون کە کڕین و فرۆشتن بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکەن.

ئەمڕۆ دوو شەممە(22ی کانوونی دووەمی 2024)،نەقیب ئەرکان بیبانی لە بەرێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان بە کوردستان24ی راگەیاند: بڵاوبوونەوە و بەرزبوونەوەی رێژەی ماددەی هۆشبەر لە وڵاتانی دوروبەر و جیهاندا، کاریگەری هەیە لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، چونکە هەرێمی کوردستان کەوتۆتە سەر هێڵی گەرمی گواستنەوەی جیهانیی ماددەی هۆشبەر، ئەو ئەفسەرە دەڵێت: ماددەی هۆشبەر بە هەرێمی کوردستاندا تێپەڕ دەکرێت، دەیانەوێت هەرێمی کوردستان بکەن بە ناوچەی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر، هاوکات دەیانەوێت خەڵکی کوردستان دووچاری ماددەی هۆشبەر بکەن.

لەبارەی هەوڵی وڵاتانی دەوروبەر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکانیان، ئەو ئەفسەرەی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر رایگەیاند: وڵاتانی دراوسێ ناتوانن سنوورەکانی خۆیان توند و تۆڵ بکەن، بگرە هاوکار بوونە لەوەی ماددەی هۆشبەر بێتە نێو هەرێمی کوردستان.

ئەفسەرەکەی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر ئاماژە بەوە دەکات، بەرێژەیەکی زۆر لە وڵاتی ئێران و سوریا ئەو ماددە هۆشبەرانە دەهێندرێنە نێو هەرێمی کوردستان، دەڵێت: ئێستا دامەزراوەکانی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر لە حاڵەتی هێرشبردندانە نەوەک بەرگریکردن، گوتی: ئێمە چاوەڕیی ئەوە ناکەین ماددەی هۆشبەرەکە بگاتە هەرێمی کوردستان، بەڵکو کار لەسەر ئەوانە دەکەین پێش ئەوەی بازرگانە نێودەوڵەتییەکان ماددەی هۆشبەر بگەیەننە هەرێمی کوردستان، زانیاری وردیان لەسەر کۆ دەکەینەوە و کاریان لەسەر دەکەین، بەشێوەیەک، بەپێی ئەو ستراتیژیەتەی لە ساڵی 2023 دامانڕشتووە، سێ هێندە هەڵمەتەکانمان چڕتر کردۆتەوە بۆ دەستگیرکردنی ئەوانەی کڕین و فرۆشتن بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکەن، ئەو بڕە ماددە هۆشبەرەی لە ساڵی 2023 تا 2024 دەستمان بەسەردا گرتووە، دوو هێندەی ئەو بڕەیە کە ساڵانی پێشووتر دەستمان بەسەردا گرتووە، بۆیە وامان کردووە هەرێمی کوردستان نەبێتە ناوەندی ساغکردنەوەی ماددەی هۆشبەر و گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر بۆ وڵاتانی دیکە، دەڵێت: هەر ئەمساڵ هەزار و 70 کەسمان بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیر کردووە.

ئەوەی بۆتە هەڵمەتی رژدی تیمەکانی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر، دەستگیرکردنی بازرگانە نێودەوڵەتییەکانە، ئەرکان بیبانی رایگەیاند: ژمارەیەکی زۆری ئەوانەی دەستگیر کراون بازرگانی نێودەوڵەتین، وامان لێیان کردووە، ئاراستەی بازرگانییەکانیان لە هەرێمی کوردستانەوە بگوازنەوە شوێنی دیکە و نەوێرن بە هەرێمی کوردستاندا تێپەڕ ببن.

ئەفسەرەکەی نەهێشتنی ماددەی مادەی هۆشبەر رایگەیاند: ماددەی هۆشبەر بڕێکی زۆری دەهێندرێنە هەرێمی کوردستان وەکو بازاڕی ساغکردنەوە بۆ ئاڵودەکردنی خەڵکی کوردستان، بڕێکی زۆری دیکەش وەکو ترانزێت بە هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێندرێت، بۆیە زۆرترین زانیاری لەسەر ئەو بازرگانانە کۆ دەکەینەوە، بۆ ئەوەی توندترین سزایان روو بەڕوو بکرێتەوە، زۆریك لەوان سزای بەندکردنی هەتا هەتایان بۆ دەرچووە.

Fly Erbil Advertisment