محەمەد ئیسماعیل: رێگەی غەززە دیارە و ئێران با بچێت بەرگری لێبکات

محەمەد ئیسماعیل
محەمەد ئیسماعیل

K24-هەولێر:

سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان-سوریا رایدەگەیەنێت: ئەوەی ئێران دەیکات بەرامبەر هەرێمی کوردستان، شاردنەوەی شکستەکانی خۆیەتی، دەشڵێت: ئێران دەیەوێت ئەو شکستانە بگوازێتەوە کوردستان، ئەگەر دەیەوێت بەرگری لە غەززە بکات، رێگەی غەززە دیارە.

ئەمڕۆ دووشەممە(22ی کانوونی دووەمی 2024)،محەمەد ئیسماعیل، سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان-سوریا ، لەبارەی هێرشە بێپاساوەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر بە کوردستان24 ی راگەیاند:  هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر، هێرشێکی ناڕەوایە، جێی ناڕەزایی تەواوی هێزە سیاسییەکانی کوردی لە پارتی دیموکراتی کوردستان-سوریا و، ئەنجوومەنی نیشتیمانی کوردی سوریا و، هێزەکانی کوردی و عێراقی و بیانی  و، هەموو ئەوانەیە کە حەز بە بنەماکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەکەن، دەڵێت: هەرێمی کوردستان نەبۆتە هەڕەشە لەسەر ناوچەکە، بەڵکو هەمیشە دەستی دۆستایەتی بۆ هەمووان درێژ کردووە، ئەوانەی هێرشیان کراوەتە سەر، خەڵکی سڤیلن و دەیانەوێت وڵاتی خۆیان ئاوەدان بکەنەوە، سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان-سوریا  پێی وایە، ئێران پێی خۆش نییە کوردستان ئاوەدان بێتەوە، سەرباری ئەوەش پرۆپاگەندی ناڕاست  لەسەر ئەوە بڵاو دەکاتەوە، لەگەڵ ئەوەی لیژنەکانی لێکۆڵینەوە خۆشیان هاتوون دڵنایبوونەوە لەوەی ئەو شوێنەی بۆردومانکراوە، بنکەی سیخوڕی و مۆساد نەبووە، ئێران شکستەکانی خۆی لە وڵاتان و هەرێمی کوردستاندا پەرش و بڵاو دەکاتەوە، ئەگەر دەیەوێت بەرگری لە غەززە بکات، رێگەی غەززە دیارە و با بچێت بەرگری لێبکات، هەوڵدەدات بە میللەتی ئێران بڵێت کە ئەو شەڕ لەگەڵ نەیارانی ئێران دەکات.

سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان-سوریا دەڵێت: شاندەکانی عێراقی کە هاتن بە چاوی خۆیان بینیان ئەوەی ئێران دەیڵێت لەبارەی هێرشە بێپاساوەکەی بۆ سەر هەولێر وەک پرۆپاگەندە، دوورە لە راستی ، بەڵکو شوێنەکە، شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیانی ئاساییە، ، بۆیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی جیهان ئەو هێرشەی ئێرانیان سەرکۆنە کرد، ئێران هەوڵدەدات شەڕ و کێشەکانی ناوچەکە فراوانتر بکات.

محەمەد ئیسماعیل دەڵێت: سەرکۆنەکردنی گشتی کوردستانیان لە ناوخۆ و دەرەوە، یەکهەڵوێستی و یەکدەنگی کورد نیشاندەدات، گەیشتە ئەوەی ناڕەزاییەتییەکان بگاتە هەر چوارپارچەی کوردستان، ئەو رەوەندانەی کە لە دەرەوەی وڵاتیش سەرکۆنەی هێرشەکەی ئێرانیان کرد بۆ سەر هەرێمی کوردستان، دەنگدانەوە و کاریگەری گەورەی هەبوو کە وڵاتان سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد.

Fly Erbil Advertisment