وەزارەتی دارایی: هیچ شتێكی نامۆ و نایاسایی لەناو لیستی فەرمانبەران و مووچە خۆرانی هەرێمدا نییە

باڵه‌خانه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
باڵه‌خانه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هەولێر:

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان روونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌باره‌ی وردبینیكردنی لیستی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌: لەماوەی رابردوو تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان ماوەی مانگێك لە هەرێمی كوردستان سەرقاڵی وردبینی بوون لە ژمارەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و بەمەیدانی سەردانی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكانییان كردووە.

‎هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی دارایی ده‌ڵێت: "لەلایە ئێمەوە هیچ شتێكی نامۆو نایاسایی لەناو لیستی فەرمانبەران و موچە خۆرانی هەرێمدا نییە و ناوە ناوە وروژاندنی بابەتی تازە بە جۆرێك لە گێچەڵ دەزانین بۆ تەگەرە خستنە بەردەم پێدانی موچە كە مافی ڕەواو سادەی خەڵكە".          

‎روونیشكراوه‌ته‌وه‌، ئەوەی پێویست بێت و لەچوارچێوەی داواكارییە یاساییەكانی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ بێت وەك لە رابردوو وامان كردووە، بەنووسراوی فەرمی وەڵامییان دەدەینەوە هیچ تێبینییەك بەجێناهێڵین.

‎دواجار له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی داراییدا هاتووه‌: "لەم بابەتانەش كە پەیوەندییان بە ژیان و گوزارانی خەڵكەوە هەیە پێویستە  میدییاكان نیشتیمانییانە و پیشەییانە رووماڵ و بڵاوكراوەیان هەبێت نەك بەجۆری دیكەو مەبەستی دیكە! ".

رۆژی 14ـی کانوونی دووەمی 2024 باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە کۆنفراسنێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و کارکردن بە یاسای بودجە بۆ ساڵی 2024 و  بە گوێرەی خەرجی راستەقینە بۆ مانگی کانوونی دووەم، هەرێمی کوردستان بە بڕی 618 ملیار و 578 ملیۆن و 29 هەزار دینار پارەدار دەکرێت.

هه‌روه‌ها لە کۆبونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەسەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی چەند بڕیارێک درا، لەنێو ئەو بڕیارانەش پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەر درا کە، بەپێی بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024، هاوکات بەپێی خەرجی راستەقینە، 618 ملیار دینار  578 ملیۆن و 29 هەزار بۆ  مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2024ی بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.

پێشتریش شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد، لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق داوایان کرد، بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2024، لە بەرژەوەندی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هەموار بکرێتەوە، ئەمەش بە جیاکردنەوەی خەرجی راستەقینە لە مووچەی فەرمانبەران، هاوکات مووچەی فەرمانبەران بخرێتە سەر بودجەی (حاکیمە).