ئەمەریکا: هەموو جیهان دەزانێت ئێران هاووڵاتییانی سڤیلی لە هەولێر کردووەتە ئامانج
K24 - هەولێر
بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر لە هەرێمی کوردستان تەنها هاووڵاتی مەدەنی کردۆتە ئامانج، رژێمی ئێران سڵ ناکاتەوە لە درۆکردن بۆ پەرەدەپۆشکردنی هەڵسوکەوتەکانی کە بۆتە هۆی ناسەقامگیری ناوچەکە.
رۆژی سێشەممە، 23ـی کانوونی دووەمی 2024، بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر لە هەرێمی کوردستان تەنها هاووڵاتی مەدەنی کردۆتە ئامانج، ئەو راستییەش ئێران و عێراق و جیهانیش دەیزانن.
وەزارەتی دەرەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکرد، تۆمەتەکانی ئێران کە گوایە ماڵی شەهید پێشرەو دزەیی "بنکەیەکی سیخوڕی مۆساد" بووە، بە بێ بنەما وەسف دەکات و پشتگیری خۆی بۆ حکومەتی عێراق دووپاتکردۆتەوە.
وەزارەتی دەرەوە راشیگەیاندووە، کە "ئێران و عێراق و جیهانیش دەزانن هێرشە بێباکەکانی ئێران بۆتە هۆی کوژرانی چوار هاووڵاتی سڤیل کە تێیاندا کۆرپەلەش هەبووە، هەروەها 17 کەسیش بەو هۆیەوە برینداربوون".
وەزارەتەکە باسی لەوەشکردووە، ئێران پەنای بردۆتە بەر دەستکاریکردنی وێنە و بڵاوکردنەوەی زانیاری ناراست بۆ پشتگیریکردنی قسەکانیان.
دەشڵێت: "رژێمی ئێران سڵ ناکاتەوە لە درۆکردن بۆ پەرەدەپۆشکردنی هەڵسوکەوتەکانی کە بۆتە هۆی ناسەقامگیری ناوچەکە".
کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15-1-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.
لەکاردانەوەی رووداوەکەشدا، لەزۆرینەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و شارە گەورەکانی ئەوروپا، خۆپیشاندان بۆسەرکۆنەکردنی هێرشەکانی سوپای پاسداران ئەنجامدران.
ئەرشەد خەلیل، مامۆستای زانکۆ سەڵاحەددین بەکوردستان24ـی راگەیاند، میدیاكانی ئێران لهناوخۆیاندا رووبهڕووی یهكدی بوونهتهوه بههۆی بڵاوكردنهوهی وێنهی ساختهی شههید پێشڕهو لهگهڵ حاخامێكی جووی رووسی، ههر یهكێكیان خۆی له بهرپرسیاریهتی بڵاوكردنهوهی وێنهكه بۆ یهكهم جار دهدزێتهوه.
گوتیشی: ئهو وێنهیهی میدیاكانی ئێران بڵاویان كردووهتهوه، كه گوایه شههید پێشڕهو لهگهڵ حاخامێكی جوو دهركهوتووه، له پێنج شوێندا به بهرنامهی فۆتۆش دهستكاری كراوه. دەشڵێت: ههموو كهس دهتوانێت بچێته سهر ماڵپهڕی (فۆتۆ فرێلێنسی) و وێنه دهستكاریكراوهكه ببینێت كه له پێنج شوێندا دهستكاریی كراوه.
جهختیشیكردهوه، كه ئهو فۆتۆشۆپه لهلایهن تیمی سایبرسكوێرەتی سوپای پاسدارانی ئێرانهوه دروست كراوه و ئامانج لێی شاردنهوهی راستییهكانی هێرشه بێ پاساوهكهی ئێران بووه بۆ سهر ههولێر.
دوای بڵاوکردنەوەی راستییەکان لە کوردستان24، پرێس تیڤی ئێرانی، وێنە دەستکاریکراوەکانی شەهید پێشڕەو دزەیی لە ماڵپەڕەکەی لەبردوو و دەڵێت لەلایەن سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە وێنەکانی پێگەیشتووە و نەیانزانیوە دەستکاریکراوە.