تامی ئەیمس: کەنەدا دەیەوێت پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و بازرگانییەكانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان باشتر بکات
K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەری نووسینگەی باڵیۆزخانەی كەنەدا لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی نایابیان هەیە و ئیدانەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەکات و جەختیکردەوە، کەنەدا دەیەوێت پەیوەندییە سیاسی، ئابووری و بازرگانییەكانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان باشتر بکات.
رۆژی هەینی (26ـی کانوونی دووەمی 2024) تامی ئەیمس، بەڕێوەبەری نووسینگەی باڵیۆزخانەی كەنەدا لە هەرێمی كوردستان تایبەت بە كوردستان24 رایگەیاند، هەفتەی رابردوو لەگەڵ ژوورە بازرگانیەكانی دهۆك، هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە كۆبوونەتەوە و كار دەكەن بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی بازرگانی نێوان كەنەدا و هەرێمی كوردستان.
تامی ئەیمس گوتی: "كەنەدا ئیدانەی هەموو ئەو هێرشانە دەكات لە چەند مانگی رابردوو كراونەتەسەر هەرێمی كوردستان. لەنێویشیاندا هێرشەكەی سەر كێڵگەی غازیی كۆرمۆر و هێرشە مووشەكییەكەی سەر ماڵی پێشڕەو دزەیی و هێرشە بەردەوامەكانی سەر فرۆكەخانەی هەولێر. ئەم هێرشانە هیچ كێشەیەك چارەسەر ناكەن".
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان کەنەدا و هەرێمی کوردستان، تامی ئەیمس روونیکردەوە: "كەنەدا و كوردستان پەیوەندییەكی نایابیان هەیە شانازی بەو كارانەوە دەكەین لەگەڵ حكومەت و خەڵكی كوردستان دەیانكەین. پەیوەندییەكانمان هێشتا فراوانتر دەبن. شوباتی ئەم ساڵ دەبێتە 10 ساڵ ئێمە لە كوردستانین. بەئومێدین هێشتا پەیوەندییە سیاسی، ئابووری و بازرگانیەكانمان باشتر بكەین".
هەروەها بەڕێوەبەری نووسینگەی باڵیۆزخانەی كەنەدا لە هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێستا پەیوەندییەكی ئابووری و بازرگانی زۆر باشمان هەیە و زۆر بەرهەمی كەنەدی لێرەن و كۆمیسیارێكی بازرگانیشمان لە هەولێر هەیە. هەفتەی رابردوو لەگەڵ ژوورەكانی بازرگانی دهۆك و هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە كۆبوونەتەوە. گفتوگۆیەكی زۆر باشمان كردووە لەبارەی رێگاكانی پەرەپێدانی بازرگانی نێوان وڵاتەكانمان."