هەوڵدەدرێت میشێل ئۆباما بکرێتە کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا
K24 – هەولێر
میدیاکانی ئەمەریکا رایانگەیاندووە، هەوڵدەدرێت میشێل ئۆباما، ببێتە کاندیدی جێگرەوەی جۆ بایدن سەرۆکی ئێستای دیموکراتەکان.
ئەمڕۆ شەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2024، میدیاکانی ئەمەریکا رایانگەیاندووە، دوای ئەوەی لە ماوەی ساڵانی رابردوودا چەندین جار هەوڵی ئەوە دراوە کە میشێل ئۆباما، خانمی یەکەمی پێشووی ئەمەریکا، ببێتە کاندیدی جێگرەوەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئێستای دیموکراتەکان لە کۆشکی سپی، ئەمەش دوایین جار لە مانگی ئابی ساڵی رابردوودا کە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ لە غەززە بوو، کە تێدا بایدن بە تەواوی لایەنگری لایەنی ئیسرائیلی کرد، بەمەش هەڵبژاردنەکانی تشرینی دووەمی 2024 کاریگەری نەرێنی لەسەر پێگەی پارتی دیموکرات دروست کردووە.
میدیاکان دەشڵێن، ئەگەر کاندیدکردنی میشێل ئۆباما، بێتە دی ئەوە یەکەمجار دەبێت کە ژنێک پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەدەستبهێنێت و وەک سەرۆکی ئەمەریکا بچێتە کۆشکی سپی.
هەروەها، یەکەمجار دەبێت کە ژنێک بە ڕەچەڵەک ئەفریقی پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەدەستبهێنێت و یەکەمجاریش خانمی یەکەمی پێشوو پۆستی "سەرۆکی ئەمەریکا" بەدەستبهێنێت، هەروەها ئەوە یارییەکی تەواو نوێ دەبێت بۆ ئەمەریکا کە میشێل ئۆباما لە رووی سیاسییەوە لە بایدنیش بەهرەمەندترە.
رۆژنامەی"The Telegraph"ـی بەریتانی لە مانگی ئابی ساڵی رابردوودا، لە راپۆرتێکدا باسی ئەم ئەگەرەی کردووە و هەرچەندە "هەوڵەکە نادیارە" وەک ئەوەی باسی کردووە، بەڵام رایگەیاندووە کە ئەگەر کاندیدکردنی میشێل ئۆباما رووبدات، ئەوە رووداوێکی گەورە دەبێت لە مێژووی ئەمەریکا.
بەرپرسکی ئەمەریکی نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە رۆژنامەکەی رایگەیاندووە کە حکومەتی وڵاتەکەی پێشبینی دەکات بایدن لە هەڵبژاردنەکانی 2024دا خۆی کاندید نەکات، بەوەش میشێل ئۆباما بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەبێتە هەڵبژاردەی پارتی دیموکرات.
هەروەها بەگوێرەی هەمان راپۆرتی بەریتانی، باس لەوە دەکەن کاتێک حکومەتە بیانییەکان مامەڵە لەگەڵ بایدن دەکەن، هەست دەکەن مامەڵە لەگەڵ "رووخسارێکی" ئیدارە دەکەن، هەرچەندە ئەو بەرپرسیار نییە، بۆیە ئەگەر دیموکراتەکان لە کێبڕکێی سەرۆکایەتی لایبدەن، جیهان لە بابەتەکە تێدەگات، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی بایدن کەسایەتییەکی نامۆی هەیە، جگە لە تەمەنی زۆری، و هەڵسوکەوتە سەیرەکانی، کە بووەتە مایەی گاڵتەجاڕی لەناو ئەمەریکادا.
زۆرجار شرۆڤەکارانی ئەمەریکی دووپاتیان کردووەتەوە کە خولی بایدن بە شێوەیەکی کاریگەر "خولی سێیەمە بۆ باراک ئۆباما"، کە تا ئێستاش کاریگەرییەکی بەرفراوانی لەناو کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوەدا هەیە و زۆرێک لە ئەندامانی تیمەکەی و یاریدەدەرەکانی هێشتا پۆستی جۆراوجۆریان هەیە ئیدارەی ئێستای ئەمەریکادا.
لە ئەگەری رووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی کۆمارییەکان، ئەگەری دۆڕانی پارتی دیموکرات لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا تا ئێستا بوونی هەیە، بەو پێیەی راپرسییەک کە لە کانوونی یەکەمی رابردوودا لەلایەن "رۆیتەرز-ئیپسۆس"ەوە ئەنجامدرا، دەریخست کە جەماوەری بایدن لە نزمترین ئاستدایە لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا، کە 40%ـی بەشداربووان پشتگیرییان کرد.
لای خۆیەوە نیۆرک تایمز راپرسییەکی لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی رابردوودا ئەنجامدا، ترەمپ لە پێنج ویلایەتی سەرەکی لە کۆی شەش ویلایەتی سەرەکی، بە تایبەتی لە ویلایەتی نیڤادا، جۆرجیا، ئەریزۆنا، میشیگان و پێنسیلڤانیا پێش بایدن کەوتووە.
راپرسییەکە دەریخستووە کە 67%ی ئەمەریکییەکان پێیان وایە وڵاتەکەیان بەئاراستەیەکی هەڵە دەروات، هەروەها 59% لەگەڵ ئەوەن کەبایدن نازانێت وەک سەرۆکێک رۆڵی خۆی بگێڕێت، لەکاتێکدا 71% هاووڵاتییانی ئەمەریکا دووپاتکردووەتەوە کە بایدن "بێتوانایە سەرۆکێکی کاریگەر نییە و تەمەنیشی گەورەیە کە زیاترە لە 80 ساڵ.
رۆژنامەی "فلۆریدا دەیلی" باس لەوە دەکات کە دەنگۆی میشێل ئۆباما دوای دیداری باراکی هاوسەری لەگەڵ بایدن لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی رابردوودا هات، کاتێک رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاویکردەوە ئۆباما لەنێو چەپەکانی ناو پارتی دیموکراتدایە کە ترسیان لە گەڕانەوەی ترەمپ بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا هەیە.
ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە 5-11-2024 بەڕێوەدەچێت، دۆناڵد ترامپ، لە یەکەم هەڵبژاردنی پارتی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی کاندیدەکەی کە لە ویلایەتی ئایۆوا ئەنجامدرا سەرکەوتنێکی گرنگی بەدەستهێنا، دیسانتیس بە جیاوازییەکی زۆر لە پلەی دووەمدا هاتووە، بەپێی ئامارەکانی کۆمپانیای "ئیدیسۆن ریسێرچ"، پێش نیکی هێلی باڵیۆزی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان کەوتووە.
ترامپ بە سەرکەوتنەکەی، هەژموونی خۆی بەسەر پارتەکەدا پشتڕاستکردەوە لە کاتێکدا کە هەوڵدەدات سێیەم سەرکەوتنی کاندید لەسەریەک بەدەستبهێنێت و بەشداری دووەمین رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی دیموکراتەکان بکات.
بڕیارە ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەرێوەبچێت، کە دۆناڵد ترامپی کاندیدی کۆمارییەکان و جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان و سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا کێبرکێ لەسەر ئەو پۆستە دەکەن.