غەیس تەمیمی: حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێناوە
K24 - هەولێر
سەرۆکی پارتی مواتنە رایگەیاند، سەرکەوتنەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێناوە، بۆیە نەیارانی کورد چاوییان بە هەژموونی کورد هەڵنایەت.
ئەمڕۆ شەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2024، غەیس تەمیمی، سەرۆکی پارتی مواتنە، لە میانەی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، لە راستیدا بە ئامانج گرتنی شوێنە خزمەتگوزارییەکانی هەرێمی کوردستان، ئامانج و دەستی زۆری لە پشتە، بە بڕوای من کورد بە تایبەت حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرکەوتنێکی گەورەی لە ناوچەکەدا بەدەستهێناوە، هەر بۆیە نەیارانی کورد چاوییان بە هەژموونی کورد هەڵنایەت، تەنانەت کوردانی تورکیا، سووریا و ئێرانیش، خەونیان ئەوەیە وەکو کوردانی هەرێمی کوردستان فیدڕاڵیەت بەدەستبهێنن، گوتیشی: "تەنانەت پارێزگاکانی دیکەی عێراق و خوارووی عێراقیش هیچ جۆرێک ئازادی و فیدڕاڵیەتیان نییە، کورد سەروەری سیاسی و کولتووری لەسەر خاکی خۆی بەدەستهێناوە".
سەرۆکی پارتی مواتنە گوتیشی: "ئەوان هەژموونی هەرێمی کوردستان قبووڵ ناکەن، ئەم ئاڕاستەش ئاڕاستەیەکی کۆنی ئەو لایەنانەیە، هەرێمی کوردستان بڕیاری و یاسای تایبەتی هەیە، لەژێر دەستی هیچ لایەنێک و کەسایەتییەکدا نییە، نە تورکیا و نەعێراق تەنانەت ئەمەریکاش، هەرێمی کوردستان بڕیارێکی سیاسی سەربەخۆی هەیە، دەستوەردانی هیچ لایەنێک لەناو خاکی عێراق قبووڵ ناکات. هەرچەندە کاتێک کەرکووک لە دەستی هەرێمی کوردستان رۆی ئەمەریکا پشتیوانی کوردەکانی نەکرد، تەنانەت حکومەتی عێراقیش دژی کورد بوو.
سەبارەت بە زیادبوونی میلیشیاکان و گرووپە چەکدارەکان ، غەیس تەمیمی، سەرۆکی پارتی مواتنە دەڵێت: "هەژموونی ئەوان لەناو خاکی عێراق، و ئەو جۆرە مامەڵەکردنە بۆ ئەوان سەرکەوتنێکە بۆ فراوانبوونی دەسەڵاتییان بەسەر ناوچەکەدا، تەنانەت رەوتی سەدر، حزبی دەعوە و حزبی مالیکی و حزبی عەمار حەکیمیش چەکدارییان هەیە، بەڵام لە ئاست بڕیاری ئەو میلیشیانە هیچیان پێناکرێت و بەڵکو ئەو چەکدار و میلیشیا و گرووپانە زیاتر دەبن، ئەمەش لە قازانجی ئێرانە، بۆیە بەردەوام دژی دەستوور دەوەستن و بڕیار بەسەر دەستوور و یاسای عێراقدا دەردەکەن، هەر بۆیە باج و پارە و سەرانە لە خەڵکی وەردەگرن و زیادی دەکەن، ئەمەش لە پەرەسەندندایە، بە هیچ جۆرێکیش نایەنە ژێر بار و بڕیارەکانی حکومەتی عێراقەوە.