دیمیتری پیسکۆڤ: رووسیا دەیەوێت جێگرەوە بۆ سیستەمی دارایی جیهانی بدۆزێتەوە
K24 - هەولێر
رۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاوی کردەوە، رووسیا کار لەسەر دروستکردنی سیستەمێکی نوێی پەیوەندییە ئابووریەکان دەکات، هەروەها مۆسکۆ دەیەوێت جێگرەوە بۆ سیستەمی دارایی جیهانی ئێستا بدۆزێتەوە.
بەگوێرەی رۆژنامەی واشنتن پۆست، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا، دیمیتری پیسکۆڤ، رایگەیاند، دەسەڵاتی رووسیا کار لەسەر دروستکردنی سیستەمێکی نوێی پەیوەندییە ئابووریەکان دەکات.
رۆژنامەکە دووپاتیکردەوە، " پێدەچێت رووسیا متمانەی بەوە هەبێت کە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین و باشووری جیهانیدا رێگە بە رووسیا دەدات بەرەنگاری سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی ببێتەوە کە ئەمەریکا تێیدا زاڵە".
بەڵام پیسکۆڤ بە رۆژنامەکەی راگەیاند، کە رووسیا کار ناکات بۆ لاوازکردنی هەژموونی ئەمەریکا.
گوتەبێژەکەی کرێملن ئاماژەی بەوەدا، مۆسکۆ دەیەوێت جێگرەوە بۆ سیستەمی دارایی جیهانی بدۆزێتەوە.
پیسکۆڤ جەختی لەوە کردەوە کە رووسیا " سیستەمێکی نوێی پەیوەندییە ئابوورییەکان دروست دەکات، چونکە دەرکەوت کە سیستەمی دارایی و ئابووری پێشوو متمانەی نەبووە، هەڵەیە و مەترسیدارە."