بەگومانی تێوەگلان لە شەڕی ئیسرائیل ژمارەیەک وڵات هاوکارییەکانیان بۆ ئاژانسی ئۆنروا راگرت
K24 - هەولێر
ژمارەیەک وڵات بەهۆکاری تێوەگلانی بەشێک لە کارمەندانی ئاژانسی ئۆنروا هاوکارییە داراییەکانیان بۆ ئاژانسەکە راگرت، رێکخەری گشتی ئاژانسەکەش دەڵێ، راگرتنی هاوکارییەکان بەهۆی ئەو تۆمەت و گومانانەی ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، ئەمەش بووەتەوە ئاستەنگ لەبەردەم چالاکیی مرۆییەکانی ئۆنروا.
فلیب لازارینی، رێکخەری گشتی ئاژانسی ئۆنروا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیداوە، بەشێکی زۆر لە وڵاتان هاوکارییەکانیان راگرتووە، هەرچەندە ساڵانە لیستی تەواوی کارمەندەکانی ئاژانسەکە خراوەتە بەردەم ئەو وڵاتانەی هاوکاریی پێشکەش دەکەن، بە ئیسرائیلیشەوە، بەڵام هیچ کات سەرنج و گومانیان لەسەر کارمەندەکان نەبووە.
لازارینی دەڵێ، جێی سەرسوڕمانە هاوکارییە داراییەکان بۆ ئاژانسەکە وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ئەو تۆمەتانەی دژی کۆمەڵەیەکی بچووک لە ستافەکە راگیراوە، کە ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، لە کاتێکدا ئۆنروا لە رۆژی هەینییەوە لێکۆڵینەوەکانی دەستپێکردووە و کۆتایی بە گرێبەستی چەند کارمەندێکیش هێناوەو رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئاگادارکراوەتەوە.
هەروەها رایگەیاندووە، بڕیاری هەڵپەساردنی هاوکارییەکان لە لایەن وڵاتانەوە، هەڕەشەیە لە سەر چالاکییە بەردەوامەکانیان لە کاری مرۆیی لە تەواوی ناوچەکە بە دیاریکراویش لە غەززە، کە زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لە غەززە پشت بە هاوکارییەکانی ئۆنروا دەبەستن لەگەڵ بەردەوامی شەڕو ئاوارەبوون.
بەهۆی بڵاوکردنەوەی زانیاریی تێوەگلانی کارمەندانی ئاژانسی ئۆنروا لە هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووی سەر ئیسرائیل، هەر یەک ئەمەریکا، ئوسترالیا، کەنەدا، ئیتاڵیا، بەریتانیا، هۆڵەندا، فینلەندا و ئەڵمانیا پشتیوانە داراییەکانیان بۆ ئاژانسەکە راگرتووە.
ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری پەنابەرانی فەڵەستنی ناسراو بە ئاژانسی ئۆنروا لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئیسرائیل و فەڵەستین لە ساڵی 1948 دامەزراوە، ئەرکی هاوکاریکردنی فەڵەستینەکانە لە کەرتی غەززە و ئوردن و سووریا و لوبنان لە کەرتی پەروەردەیی و تەندروستی.