ناتانیاهۆ: قەتەر بەشێکە لە کێشەکان و دەبێت حەماس لەناوبچێت
K24 - هەولێر
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، قەتەر بە داڵدەدانی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس تۆمەتبار دەکات و رایگەیاند، وڵاتەکەی هەفتەیەکی قورسی بەڕێکردووە و چەندین سەربازی ئازای لەدەستداوە، بەڵام لە لەناوبردنی حەماس پاشگەزنابنەوە.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، بنیامین ناتانیاهۆ گوتی؛ لە قسەکانی خۆم دەربارەی قەتەر پاشگەزنابمەوە، سوپاسگوزاریشیان نابم بۆ ئەو نێوەندگیرییەی دەیکات، چونکە بەشێکە لە کێشەکان، قەتەر سەرکردەکانی حەماسی دڵداوە و هاوکاریی دارایی ئەو گروپە دەکات، بۆیە دەبێت رۆڵیان هەبێت لەئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان.
گوتیشی؛ بەردەوام دەبین لەوەی فشاری زیاتر بخەینە سەر حەماس، بۆ ئازادکردنی بارمتەکانمان، ئەوەی پەیوەندی بەنێوەندگیرییەکانی قەتەرەوە هەیە، ئەو وڵاتە سەرکردەکانی حەماسی داڵدەداوە و هاوکاری دارایی ئەو گروپەش دەکات، داوایان لێدەکەین بارمتەکانمان بۆ بگەڕێنەوە.
بنیامین ناتانیاهۆ رەخنەی لە بەردەوامی ناڕەزایی و خۆپیشاندانی کەسوکاری بارمتەکان ئیسرائیلییەکان گرت و رایگەیاند، ئەوانەی لەئیسرائیل خۆپیشاندان بۆ ئازادکردنی بارمتەکان دەکەن، لەراستیدا هەژموونی حەماس زیاتر دەکەن و بەمەش دەستیان کراوەتە دەبێت.
دەربارەی دۆخی شەڕ لە کەرتی غەززە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەیدا، لەم هەفتە سەختەدا ژمارەیەک سەربازی ئازامان لەدەستداوە، بەڵێنی خۆمان بۆ خەڵکی ئیسرائیل بۆ لەناوبردنی حەماس و گەڕاندنەوەی سەرجەم بارمتەکان دووپاتدەکەینەوە.