گەندەڵییەک لەناو سوپای ئۆکرانیا ئاشکرا دەبێت

K24 - هەولێر

دەزگای ئاسایشی ئۆکرانیا رایگەیاند، گەندەڵییەکیان ئاشکرا کردووە کە پەیوەندی بە کڕینی چەک لەلایەن سوپای ئۆکرانیاوە هەیە کە بەهاکەی نزیکەی 40 ملیۆن دۆلارە.

وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا ئەو رووداوەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت لەسەر ئەو وڵاتەی کە نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر کەوت بەر هێرشەکانی رووسیا.

ململانێ بۆ بنبڕکردنی گەندەڵییە بەربڵاوەکانی ئۆکرانیا، هێشتا پرسێکی سەرەکییە لە کاتێکدا ئۆکرانیا بەدوای ئەندامێتی لە یەکێتی ئەوروپادا دەگەڕێت.

دەزگای ئاسایشی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەشکرد، لە لێکۆڵینەوەکەدا دەرکەوتووە کە بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری و بەڕێوەبەرانی کۆمپانیای دابینکردنی چەکی لیڤیڤ ئارسناڵ، "نزیکەی یەک ملیار و نیو "هێریڤنا"ی ئۆکرانیایان لە کڕینی گوللـەدا دزیوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "بەپێی لێکۆڵینەوەکان بەرپرسانی پلە باڵای پێشوو و ئێستا لە وەزارەتی بەرگری و سەرۆکی کۆمپانیا پەیوەندیدارەکان تێوەگلاون لەو گەندەڵییەدا"، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو گەندەڵییە کڕینی 100 هەزار گوللـە هاوەن بۆ سوپا لەخۆدەگرێت.

گەندەڵی لەناو سوپای ئۆکرانیادا پرسێکی هەستیارە بە تایبەتی لە ئۆکرانیادا، چونکە هەوڵدەدات مۆڕاڵی سەردەمی جەنگ بپارێزێت و دۆسیەی خۆی بۆ پەیوەستبوون بە یەکێتی ئەوروپا بخاتەڕوو.

ئۆلێکسی رێزنکۆڤ، وەزیری بەرگری ئۆکرانیا لە مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردوودا لەسەر دۆسیەی جۆراوجۆری گەندەڵی لە کارەکەی دوورخرایەوە سەرەڕای ئەوەی ناوبانگێکی باشی هەبوو کە نوێنەرایەتی ئۆکرانیا دەکات لە گفتوگۆکانی لەگەڵ هاوپەیمانانی رۆژئاوا.