دلاوەر ئاژگەیی: یەکێتی ئەوروپامان لە مەترسییەکانی سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان ئاگادار کردووەتەوە

K24 - هەولێر
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، ئەرکی نوێنەرانە نەک تەنها لەکاتی روودانی رووداوێک، بەڵکو پێش رووداوەکانیش لایەنی پەیوەندار ئاگادار بکاتەوە، گوتیشی: ئێمە لە برۆکسل یەکێتی ئەوروپامان ئاگادار کردوونەتەوە کە قەوارەی هەرێمی کوردستان لەژێر هەڕەشە و مەترسیدایە.
دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، لەسەر بەرێوەچوونی سێیەمین کۆنفرانسی نوێنەرایەتییەکان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، زۆربەی وڵاتان وەکو نەریتێکی دپلۆماسی ساڵی جارێک، بەدیاریکراوی مانگی "کانوونی دووەم" کۆنفرانسی باڵیۆزەکانیان دەکەن، ئەمەش مەبەست لێی دارشتنەوەی سیاسەتی حکومەتەکەیانە بۆ سیاسەتی دەرەوە.
گوتیشی: ئەرکی نوێنەرانە نەک تەنها لەکاتی روودانی رووداوێک، بەڵکو پێش رووداوەکانیش لایەنی پەیوەندار ئاگادار بکاتەوە لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە پەیوەندی دپلۆماسییان هەیە، لەسەر ئەو فشار و هەڕەشانەی لەسەر هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستان هەیە.
دەشڵێت: ئێمە لە برۆکسل کە ناوەندی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپایە، پێش ئەو رووداوانە سەردانمان کردوون و کۆبوونەوەی دوو لایەنەمان کردووە، هەروەها ئاگادارمان کردوونەتەوە کە قەوارەی هەرێمی کوردستان لەژێر هەڕەشە و مەترسیدایە، هەروەها هەوڵ دەدرێت بەشێوەیەکی سیستماتیک هەنگاو بەهەنگاو مەترسی بخرێتە سەر ئابووری و ئەمن و ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان. بۆیە داوامان لەو وڵاتانە کردووە کە کونسوڵخانەیان لە هەرێمی کوردستان هەیە، پشتگیری سیاسی هەرێم بکەن لەو بارودۆخەدا.
ئاژگەیی جەختیکردەوە، ئێمە داوامان لەبەغدا و ئەو وڵاتانە کردووە جگە لە ئیدانە کردن، هەڵوێستی دیکەیان هەبێت، هەروەها فشار بخەنە سەر بەغدا لەسەر پاراستنی هەرێمی کوردستان، چونکە لەرووی یاساییەوە بەرپرسە لە ئەمنیەتی هەموو وڵات.
بەیانیی ئــەمــڕۆ یەکــشــەممە، 28-01-2024، کاتــژمێر 10:00، بـە ئامادەبوونی مەسرور بـارزانی، سەرۆکی حکـومەتی هەرێمی کوردستان، لـە هـەولێری پایتەخـت، سێیەمین کـۆنفرانسـی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.