هەولێر و بەغدا لە سەر تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان رێککەوتوون

K24 - هەولێر
حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لە سەر نرخی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت رێککەوتوون، بەڵام دانووستانەکانی تایبەت بە بەهای گواستنەوەی نەوتی هەرێم هێشتا ماوە رێککەوتنی لە سەر بکرێت.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست پەیامنێری کوردستان24 کەوتووە لە سەرچاوەیەکی بەرپرس لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕی 20,6 دۆلار بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق هێشتا لەسەر بەهای گواستنەوەی نەوتی هەرێم نەگەیشتوونەتە رێککەوتن و دانووستانەکان بەردەوامە.
رۆژی چوارشەممە (17ـی کانوونی دووەمی 2024) فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەراوێزی کۆڕبەندی داڤۆس لە پانێڵێک لە ماڵی کوردستان رایگەیاند، هەولێر و بەغدا رێککەوتنێکی نوێیان واژۆکردووە سەبارەت بە دۆسیەی نەوت و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا.
ئاماژەی بەوەشکرد، چاوەڕێ دەکەین لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە.
له 25ی ئاداری 2023ـەوە ههناردهكردنی نهوتی ههرێمی كوردستان له رێگهی بهندهری جهیهانی توركیا راگیراوە، بهغدا و ههولێر و ئهنقهره خهریكی ئهنجامدانی دانووستانن بۆ دووباره ههناردهكردنهوهی نهوتی ههرێمی كوردستان، راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم جگە لەوەی زیانی بە بودجە و ژێرخانی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیاندووە، هاوکات بووەتەهۆی کەمبوونەوەی نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل لە بازاڕی وزەی جیهاندا.