سەفین دزەیی: هەوڵمانداوە نەبینە بەشێک لەو کێشمە کێشمەی لەناوچەکەدا هەیە

K24 - هەولێر
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەوڵمان داوە کۆدەنگیەکی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو رووداوە دڵتەزێنە دروست بکەین و ئیدانەی ئەو کارانە بکەن، لەهەمان کاتدا پێگەی هەرێمی کوردستانیش بپارێزرێت.
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو ژمارە زۆرە کونسوڵگەرییانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئێمە هەمیشە لە پەیوەندییەکی راستەوخۆ داین لە گەڵیان، گوتیشی: هەوڵمان داوە کۆدەنگیەکی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو رووداوە دڵتەزێنە دروست بکەین و ئیدانەی ئەو کارانە بکەن، لەهەمان کاتدا پێگەی هەرێمی کوردستانیش بپارێزرێت.
باسی لەوەشکرد، لە دوای کۆڕەوەکەی ساڵی 1991 و سەرهەڵدانی هەرێمی کوردستان، وای کردووە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پابەندبوونێکی بەرامبەر هەرێمی کوردستان هەبێت، هەروەها هەرێمی کوردستان یاریزانێکی گرنگە لەو یارییەی لە ناوچەکە دەکرێت، بەڵام لەهەمان کاتیشدا هەوڵمانداوە نەبینە بەشێک لەو کێشمە کێشمەی لەناوچەکەدا هەیە.
سەفین دزەیی ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت هەوڵ بدەین واقیعی هەرێمی کوردستان بگەیێنینە جیهانی دەرەوە، پیشم وایە تاوەکو ئێستا شتی باش کراوە، بۆیە ئێمەش هەیکەلی فەرمانگە دەگۆڕین، تاوەکو کاریگەری باشتری هەبێت لە داهاتوو.
دەشڵێت: بەرژەوەندی نێوان وڵاتان شتێکی حەتمییە، هەروەها عێراق وڵاتێکی گرنگە لە ناوچەکەدا ، بۆیە ئەمن و ئاسایشی عێراق و ئاسایشی وزە زۆر گرنگە، هەروەها هەرێمی کوردستانیش لە ساڵی 1991ەوە تاوەکو ئێستا سەلماندوویەتی کە فاکتەرێکی سەقامگیرە.
بەیانیی ئــەمــڕۆ یەکــشــەممە، 28-01-2024، کاتــژمێر 10:00، بـە ئامادەبوونی مەسرور بـارزانی، سەرۆکی حکـومەتی هەرێمی کوردستان، لـە هـەولێری پایتەخـت، سێیەمین کـۆنفرانسـی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.