گۆڕانكاری خێرا و رووداوی نوێ لە یانەی هەولێر بەڕێوەیە
یانەی هەولێر پێش ئەوەی سبەی بۆ دوو یاریی دۆستانە گەشتی بەغدا بكات مووچەیەكی بەسەر یاریزانەكان دا دابەش كردووە، بەڵام چەندان پێشهات و رووداوی جیاواز بەرۆكی یانەكەی كردووە، نوێترینیان رۆیشتنی ئاسۆ رۆستەم و دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامێكی دەستەی كارگێری یانەكەیە.
یانەی هەولێر سبەی دووشەممە لەسەر داوای راهێنەری یانەكە حەیدەر عەبدولئەمیر، بۆ دوو یاریی دۆستانە بەرامبەر یانەكانی قوە جەوییە و شوڕتە گەشتی بەغدا دەكات، بڕیاریشە هەردوو یاریزانی هەڵبژاردەی ئۆڵمپی عێراق ئەحمەد مەكنزی و هەڵۆ فایەق لە بەغدا پەیوەندی بە كەمپی مەشقی یانەی هەولێر بكەن، مستەفا قابیل یاریزانی هەڵبژاردەی لاوانی عێراقیش لە بەغدا پەیوەندی بە یانەی هەولێر دەكاتەوە.
یانەی هەولێر پێش ئەنجامدانی ئەم دوو یارییە دۆستانە، ئێوارەی ئەمڕۆ مووچەیەكی بەسەر یاریزانەكان دابەش كردووە، بەڵام ئەو یاریزانانەی یانەی هەولێر كە بایكۆتی مەشقەكانیان كردووە ئامادەنین بگەڕێنەوە راهێنانەكان و گەشتی بەغدا بكەن تا بەشی یەكەمی گرێبەستەكەیان وەرنەگرن كە پێكهاتوون لە (شێركۆ كەریم، محەمەد موحسین، عەلی شاخەوان و حوسێن جولی).
لە لایەكی دیكەیشەوە ئاسۆ رۆستەم ئەگەرچی بە خواستن تا كۆتایی ئەم وەرزە لە یانەی شورتەوە پەیوەندی بە هەولێر كرد، بەڵام گرێبەستەكەی هەڵوەشاندەوە و رۆیشتنی لە یانەی هەولێر راگەیاند. ئەمەش لە كاتێكدایە یانەی هەولێر رۆژی سێشەممەی داهاتوو لە یارییەكی دۆستانە دەبێتە میوانی یانەی قوە جەوییە، رۆژی هەینی داهاتووش هەولێر لە بەغدا رووبەڕووی شوڕتە دەبێتەوە.
ئیبراهیم قادر وتەبێژی یانەی هەولێر لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24 رایگەیاند سەرهەنگ موحسین ناگەڕێتەوە یانەی هەولێر و لە نەجەف دەمێنێتەوە، دەشڵێت: هەولێر لەگەڵ گۆڵپارێزێكی نوێ گەیشتووەتە رێككەوتن و هەوڵیش دەدەن بۆ گەڕانەوەی هیلیۆ مۆنتێرۆی بەرگریكاری بەرازیلی یانەی تەڵەبە و یاریزانێكی دیكەش دەگوازنەوە.
لە لایەكی دیكەیشەوە بە گوێرەی سەرچاوەیەكی تایبەت بۆ كوردستان24، تەها قادر سكرتێری یانەی هەولێر لە دوێنێوە دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش كردووە و بڕیاری داوە نەگەڕێتەوە یانەی هەولێر.
یانەی هەولێر ئەم وەرزە لە كۆی 12 یاری تەنیا 3 یاریی بردووەتەوە و بە كۆكردنەوەی 12 خاڵ لە خانەی پازدەیەمی ریزبەندی دەبینرێت، بەهۆی ئەنجامە خراپەكانیش عەباس عوبێد لە پۆستی راهێنەرایەتی دوورخرایەوە و حەیدەر عەبدولئەمیر شوێنی گرتووەتەوە.