ئێران رەتیدەکاتەوە پەیوەندی بەهێرشەکەی سەر ئەمەریکییەکانەوە هەبێت

K24 - هەولێر

نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ دووشەممە، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، تاران دەستی نەبووە لەو هێرشەی سەر بنکەی ئەمەریکا لە باکووری رۆژهەڵاتی ئوردن لە نزیک سنووری سووریا، کە بەهۆیەوە سێ سەربازی ئەمەریکی تێیدا کوژرا.

ئاژانسی هەواڵی "ئێرنا"ـی ئێرانی بڵاویکردەوە، تاران "دەستوەردانی خۆی لەو هێرشەدا رەتدەکاتەوە" کە بنکەیەکی سەربازی ئەمەریکا لە باکووری رۆژهەڵاتی ئوردن کرایە ئامانج و سێ سەربازی ئەمەریکی کوژران و زیاتر لە 34 سەربازی دیکەش برینداربوون.

ئاژانسەکە لە زاری ناسر کەنعانی گوتەبێژی وەزارەتەکەیەوە رایگەیاندووە، "ئەم تۆمەتانە ئامانجێکی سیاسییان هەیە" ئەمەش لە وەڵامی لێدوانێکی دەیڤید کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کە تیایدا داوای لە تاران کردووە هەڵکشانی توندوتیژی رابگرێت.

ئەم ئینکارییە دوای ئەوە دێت کە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنی داوە وەڵامی کوژرانی سەربازە ئەمەریکییەکان بداتەوە لەو هێرشەی کە لایەنە عێراقییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن.

لە بەیاننامەیەکی پنتاگۆندا هاتووە، هەشت سەربازی ئەمەریکی گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی سەربازی لە دەرەوەی ئوردن بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە پێگەی سەربازی "تاوەری 22" کە دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی ئوردن، 350 سەربازی ئەمەریکی لەخۆدەگرێت، وەک بەشێک لە هێزەکانی سوپا و هێزی ئاسمانی، کە ئەرکیان بەرەنگاربوونەوەی داعشە.

لای خۆیەوە ئوردن ئیدانەی ئەو هێرشەکەی سەر بنکەکەی ئەمەریکای کرد.