"تاوەری 22" چییە کە بووە ئامانجی گرووپە چەکدارەکان
K24 - هەولێر
لەهێرشێکی درۆنیدا بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی ئەمەریکا بەناوی "تاوەری 22" لە ئوردن، سێ سەرباز کوژران و دەیانی دیکەش بریندار بوون.
زانیارییەکان لەسەر ئەو بنکەیە.
ئەو بنکەیە دەکەوێتە شوێنێکی ستراتیژی و گرنگی باکووری رۆژهەڵاتی ئوردن، لەسەر سنووری سووریا و عێراق.
زانیارییەکی کەم لەسەر ئەو شوێنە هەیە، بەڵام دەکەوێتە نزیک بنکەی "ئەلتەنف"، کە دەکەوێتە دیوی بەرامبەری سنووری سووریا و ژمارەیەکی کەمی سەربازی ئەمەریکی تێدایە، بنکەی ئەلتەنف رۆڵێکی گەورەی لە شەڕی داعشدا هەبوو، هەروەها رۆڵی هەبووە لە ستراتیژیەتی ئەمەریکا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی فراوانبوونی سەربازی ئێران لە رۆژهەڵاتی سووریا.
تاوەری 22، زۆر نزیکە لە هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەلتەنف کە دەتوانێت یارمەتی ئەو هێزانە بدات، بۆ بەرەنگاربوونەوەی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکە و هەروەها یارمەتیدانی هێزەکان بۆ چاودێریکردنی ئەو ئەندامانەی داعش کە لە ناوچەکەدا ماون.
هێزەکانی ئەمەریکا لە ئوردن
ئوردن میوانداری سەدان راهێنەری ئەمەریکی دەکات، کە یەکێکە لە هاوپەیمانانی ناوچەکە، کە بە درێژایی ساڵ مەشقی درێژخایەن لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکا ئەنجام دەدات.
لە سەرەتای شەڕی سووریاوە لە ساڵی 2011ەوە، واشنتن سەدان ملیۆن دۆلاری خەرج کردووە بۆ یارمەتیدانی عەمان بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی چاودێری کە بە پرۆگرامی ئاسایشی سنوور ناسراوە بۆ راگرتنی دزەکردنی چەکدارانی سووریا و عێراق.
زانیارییەکی کەم لەبارەی تاوەرەکەوە هەیە.
بە وردی نازانرێت چەند سەربازی ئەمەریکی لە تاوەری 22دایە، هەروەها نازانرێت چ جۆرە چەک و بەرگرییەکی ئاسمانی لەناو تاوەرەکەدا هەیە، یان بە تەواوی لە دوایین هێرشی گرووپە چەکدارەکاندا چی روویداوە.