مەسرور بارزانی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ئوردن دەکات

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ئوردن دەکات و "هاوخەمی" خۆی بۆ حکومەت و خەڵکی ئەو وڵاتە دەردەبڕێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 29-01-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس "بە توندترین شێوە هێرشی ترسنۆکانەی" دوێنێ یەکشەممە بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکەی تاوەر-22 لەسەر سنووری ئوردن-سووریا سەرکۆنە کرد.

بە گوێرەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا، بەهۆی هێرشە درۆنییەکەی دوێنێ یەکشەممە بۆ سەر بنکەی تاوەر-22، سێ سەربازییان کوژراون و لانیکەم 34 سەربازی دیکەشیان برینداربوون، کە هەشتیان بەهۆی سەختی برینەکەیانەوە رەوانەی دەرەوەی ئوردن کراون.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، "لەم کاتە سەختەدا، لەگەڵ حکومەت و خەڵکی ئەمەریکا هاوخەمم".

 

 

دوا بەدوای هێرشەکەی سەر بنکەی تاوەر-22 لەسەر سنووری ئوردن-سووریا، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، میلیشیاکانی نزیک لە ئێران دەستیان لە هێرشەکەدا هەبووە، لە کات و شوێنی گونجاودا وەڵامی توندیان بۆ هێرشکردنە سەر سەربازەکانیان دەبێت.

هاوکات، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا، سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیاریین لەسەر هێرشەکە، میلیشیاکانی نزیک لە ئێرانیشی بەدەستهەبوون لە هێرشەکانی سەر ئەمەریکا تۆمەتبار کرد.

لە درێژەی کاردانەوەی کوژرانی سێ سەربازە ئەمەریکییەکەدا؛ مایک جۆنسۆن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا داوایکرد، واشنتن پەیامێکی روون بە جیهان بدات بەوەی هێرشکردنەسەریان چاوپۆشی لێ ناکرێت.

لە لایەکی دیکەوە هەریەکە لە لیندسی گراهام، تۆم کوتون و جۆن کۆرنین کۆنگرێسمانی ئەمەریکا داوا لە ئیدارەی جۆو بایدن دەکەن، لە وەڵامی کوژرانی سێ سەربازەکەیان، هێرش بکاتە سەر ئێران و گورزی سەربازیی لێ بوەشێنێت.

لە 07ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە، گرووپەکانی نزیک لە ئێران زیاتر لە 160 جار بنکەکانی ئەمەریکایان لە عێراق و سووریا بۆردوومانکردووە، بەڵام لە هیچ یەکێک لەو هێرشانە سەربازی ئەمەریکی نەکوژراون. بۆیە چاوەڕوان دەکرێت کوژرانی ئەو سەربازە ئەمەریکییانە، ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بباتە قۆناغێکی نوێیەوە.