گوتەبێژی حوسییەکان: کەشتییەکی ئەمەریکامان لە کەنداوی عەدەن کردە ئامانج
K24 - هەولێر
گوتەبێژی سەربازیی حوسییەکانی یەمەن، رایگەیاند، ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، مووشەکێک ئاراستەی کەشتییەکی هێزی دەریایی ئەمەریکا کراوە، لەوکاتەی بە دەریای کەنداوی عەدەندا تێپەڕیووە.
یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازی حوسییەکانی یەمەن لەپلاتفۆڕمی "ئێکس" رایگەیاند، ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، مووشەکێکیان ئاراستەی کەشتیی "لویس بی پولەر"ـی هێزی دەریایی ئەمەریکا کردووە لە کاتی تێپەڕبوونی بە کەنداوی عەدەندا.
سەریع ئاماژەی بەوەشکرد، "مووشەکەکە کەشتییە ئەمەریکییەکەی کردووەتە ئامانج، کە وەک سەرکەوتنێکە بۆ ستەملێکراوی گەلی فەڵەستین، و هەروەها لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەی دەستدرێژییەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا بۆ سەر وڵاتەکەمان".
گوتەبێژەکە لە تویتەکەیدا دەشڵێت: " ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، هێزە دەریاییەکانی یەمەن، بە مووشەکێکی دەریایی کەشتییەکی هێزی دەریایی ئەمەریکایان کردە ئامانج، کە ناوی "لویس بی پولەر" بوو، لەکاتێکدا کەشتییەکە لە ناوچەی کەنداوی عەدەن تێدەپەڕی"، گوتیشی: "کەشتییەکە پشتیوانی لۆجستییە بۆ هێزە ئەمەریکا پێشکەش دەکات، کە بەشدارن لە دەستپێکردنی دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتەکەمان".
لەماوەکانی رابردوو حوسییەکان هەموو ئەو کەشتییانەی ئەمەریکا و بەریتانیا ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج کە بەدریای سووردا تێپەڕ دەبن، هەروەها ئەمەریکا وەڵامی هێرشەکانی داوەتەوە چەندین جار بۆردومانی حوسییەکانی کردووە.