مامۆستایەکی ئاینی: بە سەدام حوسێن نەکرا بەزۆر خۆی بەسەر کورد دا زاڵ بکات بەمانیش ناکرێت

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ دووشەممە، 29-1-2024، لە چەمچەماڵ خۆپیشاندان دژی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر دەستی پێکرد و مامۆستایەکی ئاینیش دەڵێت: هەرکەس بەزۆر خۆی بەسەر کورد زاڵ بکات، ئەوە بەسەدام حوسێن نەکراوە بەمانیش ناکرێت.

لە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆ چەمچەماڵ، مامۆستای ئاینی هێمن بیرەستانی رایگەیاند، "میللەتی کورد بەدرێژایی مێژوو ئاشتی و تەبایی و یەکڕیزی ویستووە، هیچ کاتێک حەزی بەکوشتن و ستەم نەبووە، هەرکەسیش بەزۆر خۆی بەسەر کورد زاڵ بکات، ئەوە بەسەدام حوسێن نەکرا، بەمانیش ناکرێت".

گوتیشی: "بۆیە ستەم هەرکەس بیکات خوای گەورە لەناوی دەبات". هەر لە خۆپیشاندانەکە، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی وتارێکیان خوێندەوە و رایان گەیاند،  ئێمە ئەمڕۆ سەلماندمان کە نەتەوەی کورد لەگەڵ ئێش و ئازارەکانی یەکترداین. هەروەها هیچ جیاوازییەک نییە لەنێوان ئازارەکانی هەولێر و قامیشلۆ و دیاربەکر و چەمچەماڵ و سلێمانی.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هێرشە تیرۆریستییەی کە رژێمی ئێران کردیە سەر هەولێری پایتەخت ئیدانە دەکەین و پێیان دەڵێن، چیتر ماوە بەسەر ئەو میللەتە تاقی بکەنەوە؟، بۆچی پەند لە مێژوو وەرناگرن؟ هەولێر بۆ ملیۆنان کوردی جیهان ناوەندی بڕیارە، لەپێناو چی دوژمنایەتی ئەو گەلە دەکەن.

 

 

راشیگەیاند، دڵنیاین تاوانەی دەرهەق بە کورد و هەولێر کرا دوورە لە هەڵوێست و ئاکاری گەلانی ئێران، بۆیە لێرەوە بە هەولێر و هەولێرییەکان دەڵێین، ئێوە بەتەنها نین و چەمچەمالی پایتەختی شەهیدان و ئەنفالکراوان هاوبەشی ئێش و ئازارەکانتانە.

گوتیشی: داوا لە هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان دەکەین لە پێناو میللەتی کورد یەک هەڵوێست و یەکڕیزبن، هەروەها داوا لە عێراق و وڵاتە زلهێزەکان دەکەین خاوەنداریەتی ئەو میللەتە ماف خوراوە بکەن و رێگە نەدەن ئەو دەستدرێژییە دووبارە بێتەوە.

کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.

لەکاردانەوەی رووداوەکەشدا، لە زۆرینەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و شارە گەورەکانی ئەوروپا، خۆپیشاندان بۆسەرکۆنەکردنی هێرشەکانی سوپای پاسداران ئەنجامدران.