سێ وڵاتی ئەفریقا لە رێکخراوی ئیکۆواس کشانەوە

K24 - هەولێر

وڵاتانی مالی، نەیجەر و بورکینافاسۆ دوێنێ یەکشەممە، کشانەوەی خۆیان لە کۆمەڵگەی ئابووری وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقا (ئیکۆواس) راگەیاند.

بڕیاری کشانەوەکە لەلایەن گوتەبێژی حکومەتی بورکینافاسۆوە خوێندرایەوە و ئاماژەی بەوەشکردووە، کە رێکخراوەکە "کەوتۆتە ژێر کاریگەری زلهێزە بیانییەکان"، بە ئاماژەدان بە ڕۆژئاوا و فەرەنسا.

فەرەنسا بە توندی دژی کودەتا سەربازییەکانی نەیجەر، مالی و بورکینافاسۆ وەستایەوە و هانی رێکخراوی ئیکۆواسیشی بۆ سەپاندنی سزای ئابووری و سیاسی بەسەر ئەو سێ وڵاتەدا.

لە راستیدا ئەو سێ وڵاتە باسیان لەوە دەکرد کە رێکخراوی ئیکۆواس لە شەڕی تیرۆریزمدا یارمەتیان نەداوە و هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە "چارەنووسی خۆیان بخەنە دەستی خۆیان"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ هەنگاونان بەرەو روانگەیەکی نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.

هاوکات لەگەڵ بڕیاری کشانەوەکە، ئاژانسی هەواڵی فەرمی لە بورکینافاسۆ، پۆستێکی تەلەگرام بڵاوکردەوە و تیایدا هاتنی کۆمەڵێک سەربازی رووسی بۆ وڵاتەکەی راگەیاند، هەروەها دەشڵێت: "ئەوانە  وەکو راهێنەر لە چوارچێوەی بەهێزکردنی هاوکاری سەربازی و ستراتیژی" دێنە وڵاتەکەوە".

لە راستیدا ئەو دەزگا فەرمییە دووپاتی کردەوە کە ئەوە یەکەمجار نییە سەربازانی رووسیا سەردانی بورکینافاسۆ دەکەن، گوتیشی: سەردانێکی ئاساییە و دەکەوێتە چوارچێوەی پەیوەندییە جیاجیاکانی نێوان هەردوولا و هەروەها ژمارەیەک ئەفسەری سوپای بورکینا فاسۆش لە رووسیا راهێنان وەردەگرن.

لەوەتەی ئیبراهیم تراورێ لە ئەیلوولی 2022دا لە بورکینا فاسۆ هاتۆتە سەر دەسەڵات، پەیوەندییەکانی لەگەڵ رووسیا پەرەی سەندووە و لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی رابردووەوە بورکینا فاسۆ باڵیۆزی خۆی لە مۆسکۆ دەستنیشانکردووە، هەروەها رووسیاش دوای سێ دەیە باڵیۆزخانەی خۆی لە واگادۆگۆ لە کۆتایی هەمان مانگ کردەوە.

رێکخراوی ئیکۆواس گرووپێکی ئابوورییە، لە ساڵی 1975ەوە لەلایەن وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقا لە لایەن 15 وڵاتی ئەفریقا دامەزراوە.