ڤیان سەبری: لە دوو رۆژی داهاتوودا 618 ملیار دینارەکە دەگات
K24 - هەولێر
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "لەوانەیە لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا 618 ملیار دینارەکە بگاتە هەرێمی کوردستان".
ئەمڕۆ دووشەممە، 29-01-2024، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، "وەزارەتی دارایی عێراق داوای هەژمارێکی بانکی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە تاوەکو 618 ملیار دینارەکە بخاتە سەر ئەو هەژمارەیە؛ لەوانەیە لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا ئەو بڕە پارەیە بگاتە هەرێمی کوردستان".
رۆژی یەكشەممە، 28-01-2024، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ناردنی 618 ملیار دینار بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لەژێر فشاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیدا بووە و وەزیری دارایی عێراقیش پابەندبوونی خۆی بە بڕیارەکە راگەیاندووە.
بە گوتەی سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، زۆر لایەن فشار لە ئەنجوومەنی وەزیران، خودی وەزیرەکان و دامودەزگا حکومییەکانی عێراق دەکەن تاوەکو کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر نەبن.
رۆژی یەکشەممە 18ی کانوونی دووەمی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بەپێی بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024، هاوکات بەپێی خەرجی راستەقینە، 618 ملیار دینار بۆ مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2024، بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.