پێنتاگۆن: زیاتر لە 40 سەربازی ئەمەریکی لە هێرشە درۆنییەکەی ئوردن برینداربوونە

سابرینا سینگ، جێگری سکرتێری رۆژنامەوانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پێنتاگۆن)
سابرینا سینگ، جێگری سکرتێری رۆژنامەوانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پێنتاگۆن)

K24 – هەولێر:

پێنتاگۆن بەرپرسیاریەتی هێرشە درۆنییەکەی سەر هێزەکانی ئەمەریکای لە ئوردن خستە ئەستۆی ئێران و رایگەیاند، لەو هێرشەدا سێ سەرباز کوژراون و زیاتر لە 40 سەربازی دیکەش برینداربوون.

رۆژی (29ـی کانوونی دووەمی 2024) سابرینا سینگ، جێگری سکرتێری رۆژنامەوانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پێنتاگۆن) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە هێرشە درۆنییەکەی سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ئوردن زیاتر لە 40 سەرباز بریندار بوونەوە.

هەروەها جێگری سکرتێری رۆژنامەوانی پێنتاگۆن لە وەڵامی پرسیارێکی عیسا حەسەن، پەیامنێری كوردستان24، ئاماژەی بەوەکرد، واشنتن ئێران بە بەرپرسیار دادەنێت و ئەو گرووپە چەکدارانەی زیانیان بە هێزەکانی ئەمەریکا گەیاندووە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن و راهێنانیان پێدەکرێت.

سابرینا سینگ ئاماژەی بەوەشکرد، گومان دەکەن کەتائیبی حزبوڵڵا کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، هێرشەکەی ئەنجامدابێت و جەختی کردەوە لە کاتی گونجاودا وەڵامیان دەبێت.

رۆژی یەکشەممە (28ـی کانوونی دووەمی 2024) فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا رایگەیاند، بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ پێگەیەکی سەربازی هێزەکانی ئەمەریکا لە له‌سه‌ر سنووری نێوان ئوردن و سووریا، سێ سەرباز کوژران.

ە یەکەم کاردانەوەی دوای هێرشەکەش، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا جەختیکردەوە کە وەڵامیان بۆ هێرشە درۆنییەکە دەبێت کە بەهۆیەوە سێ سەربازی وڵاتەکەی لە ئوردن کوژران و رایگەیاند، رۆژێکی سەختیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێپەڕاندووە.

هەروەها کامیلا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەردەوام دەبن و هەموو ئەوانەی رۆڵیان هەبووە لە هێرشەکەی سنووری نێوان سووریا و ئوردن بە سزای خۆیان دەگەیەندرێن.

لەگەڵ ئەوەشدا، لۆید ئۆستن، وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، له‌كات و ساتی گونجاو وه‌ڵامی ئه‌و هێرشه‌ ده‌درێته‌وه‌ کە خۆیان دیاریدەکەن و گوتی: "له‌پێناو پاراستنی ئه‌مه‌ریكا و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی، ته‌واوی رێككاره‌ پێویسته‌كان ده‌گرینه‌به‌ر".

لەلایەن خۆیانەوە، هەردوو سیناتۆری کۆمارییەکان لیندزی گراهام و جۆن کۆرنین داوایان لە جۆ بایدن کرد، دەستبەجێ بە توندی لە ئێران بدەن و تاران بە ئامانج بگرن. هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس لە پەیامێکدا راگەیاند، هێرشی سەر هێزەکانمان لە ئەستۆی بایدنە و ئەو هێرشەش لە ئەنجامی لاوازی بایدنە.