ئەمەریکا بۆ دەستگیرکردنی بەرپرسێکی سوودان پێنج ملیۆن دۆلاری وەک پاداشت داناوە

ئەحمەد هارون
ئەحمەد هارون

K24- هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، بڕی پێنج ملیۆن دۆلار وەک پاداشت دەداتە هەر کەسێک، هاوکاری بکات لە دەستگیرکردنی وەزیرێکی پێشووی سوودان.

ئەمڕۆ سێشەممە، 30ـی کانوونی دووەمی 2024، ماسیۆ میلەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، هەرکەسێک هاوکاری بکات لە دەستگیرکردنی هاوکارێکی عومەر بەشیر، سەرۆکی لەکارلادراوی سوودان، کە تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە دارفور، بە پێنج ملیۆن دۆلار پاداشت دەکرێت.

بەپێی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەم راگەیاندنە تایبەتە بە "ئەحمەد هارون"، هاوکاری پێشووی بەشیر کە لەلایەن دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی لە ناوچەی دارفور لە رۆژئاوای سوودان لە نێوان ساڵانی 2003 بۆ 2004 کراوە.

میلەر لە بەیاننامەیەکەدا گوتی: "گرنگە هارۆن بدۆزرێتەوە و بیهێنرێتە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان بۆ وەڵامدانەوەی ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی کراوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "پەیوەندییەکی روون و راستەوخۆ هەیە لەنێوان سزادان بۆ ئەو پێشێلکاریانەی کە لە سەردەمی رژێمی بەشیردا ئەنجامدراون، لەوانە کە هارون تۆمەتبارە بەو توندوتیژیانەی ئەمڕۆ لە دارفور ئەنجام دەدرێن".

هارون لە سەردەمی بەشیر وەزیر بووە، هەروەها پارێزگاری ویلایەتی کۆردۆفانی باشووری سوودان بووە، مانگی نیسانی ساڵی رابردوو، دوای ماوەیەکی کەم لە سەرهەڵدانی شەڕ لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، هارون هەڵاتووە لە خەرتووم.