ئەمەریکا: دەتوانین لە 15 چرکەدا مووشەک و درۆنی حوسییەکان بخەینە خوارەوە

K24 - هەولێر

فەرماندەیی کەشتی پێنجەمی ئەمەریکا، باسی لە مووشەک و فرۆکە بێفڕۆکەوانەکان کرد کە لەلایەن حوسییەکانەوە هەڵدراون و ئاماژەی بەوەدا، کە هێزەکانی تەنها چەند چرکەیەکیان ماوە بۆ ئەوەی بڕیاری رووبەڕووبوونەوە بدەن.

چارڵز برادفۆرد کوپەر، فەرماندەی کەشتی پێنجەمی ئەمەریکا، بە کەناڵی"سی بی ئێسی" ئەمەریکی لە بەحرەین راگەیاند، "مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکان دەتوانن لە ماوەی 75 چرکەدا ئامانجەکەیان بپێکن کاتێک کە هەڵدەدرێن، ئێمەش تەنها لە نێوان 9 بۆ 15 چرکەدا دەتوانین بڕیار بدەین بۆ خستنە خوارەوەی هەر مووشەکێک یان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان".

کوپەر ئاماژەی بەوەشکرد، "تا ئێستا هیچ کەسێک کەشتییە بازرگانییەکان یان کەشتییە دەریاییەکانی ئەمەریکای بە مووشەکی بالیستیکی نەکردۆتە ئامانج"، هەروەها "ئێرانی بەوە تۆمەتبارکرد کە بە زانیاری هەواڵگری پشتیوانی حوسییەکان دەکات بۆ بە ئامانجگرتنی سوپای ئەمەریکا".

جێگای سەرنجە کە کەشتی پێنجەمی ئەمەریکا کەشتییەکی هێزی دەریایی ئەمەریکایە، و بنکەکەی لە ئاوەکانی بەرامبەر بەحرەینە.

لە 12ـی ئەو مانگەوە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا هەڵدەکوتنە سەر شوێنە سەربازییەکانی حوسییەکان لە ناوچەکانی یەمەن، بەمەبەستی لەناوبردنی تواناکانیان بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی دەریای سوور، بەڵام حوسییەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە ئەو هێرشانە کاریگەری لەسەر توانا سەربازییەکانیان نییە و هەروەها بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتی ئیسرائیلییەکان کە بەرەو بەندەرەکانی ئیسرائیل دەڕۆن تاوەکو شەڕ و پێکدادانەکان لە کەرتی غەززە دەوەستێت.