ئارامکۆی سعوودی دەستبەرداری ئامانجی بەرهەمهێنانی 13 ملیۆن بەرمیل نەوت دەبێت لە رۆژێکدا

K24- هەولێر
ئارامکۆی سعوودی رایگەیاند، سعوودیە بڕیاریدا دەستبەرداری ئەو پلانە بێت کە نزیکەی چوارساڵ لەمەوبەر رایگەیاند بۆ زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی 13 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.
ئەمڕۆ سێشەممە، 30ـی کانوونی دووەمی 2024، کۆمپانیای ئارامکۆی سعوودی رایگەیاند، رێنمایی لە وەزارەتی وزەوە وەرگرتووە بۆ پاراستنی زۆرترین ئاستی توانای بەرهەمهێنانی نەوت بە 12 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، لەگەڵ ئەوەشدا دەستبەرداری ئەو 13 ملیۆن بەرمیلە دەبێت کە نزیکەی چوارساڵ بەر لە ئێستا پلانی بۆ دانابوو کە زۆرترین ئاستی بەرهەمهێنان بووە".
کۆمپانیاکە راشیگەیاند، لە ئەنجامی کارەکانی ساڵی 2023، کە هەندێک گرێبەستی واژۆکردووە بۆ پەرەپێدانی چوار پڕۆژە بۆ ئەوەی بگاتە توانای بەرهەمهێنان، بەڵام نەیتوانیوە و بۆیە دەستبەرداری پلانەکەی بووە.
قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتی سعوودیە لە ئێستادا نزیکەی نۆ ملیۆن بەرمیلە لە رۆژێکدا، بەپێی ئەوەی وەزارەتی وزە لەم دواییانەدا رایگەیاند، کارکردن لەم ئاستەی بەرهەمهێنانەدا تا کۆتایی چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت، لەگەڵ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی یەک ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، ئەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ هەندێک وڵاتی بەشداربوو لە "ئۆپێک+".