وەزیری دەرەوەی بەریتانیا: ئیسرائیل لە 30 ساڵی رابردوودا شکستی هێناوە

K24 - هەولێر

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەیڤد کامیرۆن رایگەیاند، پێویستە ئاسۆیەکی سیاسی بدرێت بە فەڵەستینییەکان بۆ هاندانی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

وەزیری دەرەوەی بەریتانی بە "بی بی سی " راگەیاند، پێویستە "پێشکەوتن بە خەڵکی فەڵەستین نیشان بدەین بەبێ ئەوەی بگەڕێنەوە" وەکو چارەسەری دوو دەوڵەت.

گوتیشی: " کاتێک ئەمە روویدا، ئێمە لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیماندا بیر لە داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین دەکەینەوە، لەوانە داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا"، لەوانەیە ئەمەش یەکێک بێت لەو شتانەی کە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی لە پرۆسەکەدا نەگەڕێنەوە.

کامیرۆن ئاماژەی بەوەشکرد، رێگایەکی شیاو دەکرێتەوە، پێشکەوتن لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی لەوانەیە مانای ئاشتی بێت.

باسی لەوەشکرد، پێویستە "دەسەڵاتێکی نوێی فەڵەستینی کە سەرکردەی تەکنۆکراتی هەبێت، دەتوانن غەزە بەڕێوەببەن" هەروەها لە 30 ساڵی رابردوودا ئیسرائیل شکستی هێناوە لە دابینکردنی ئاسایش بۆ هاووڵاتیانی.