ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی باندێکی نێودەوڵەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانی راگەیاند

باندە دەستگیرکراوەکە لە ئاسایشی هەولێر - وێنە: کوردستان24
باندە دەستگیرکراوەکە لە ئاسایشی هەولێر - وێنە: کوردستان24

K24 – هەولێر:

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر رایگەیاند، دوای چاودێریکردن و بەدواداچوون و وەرگرتنی فەرمانی دادوه‌ر، باندێکی نێودەوڵەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانیان دەستگیر كردووە.

ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، باندە دەستگیرکراوەکە لە چوار کەس پێکهاتوون بەناوەکانی (ر، ع، ص)، (ف، أ، م)، (ف، ح، ر) و (ب، ب، ح) و خەڵکی وڵاتی ئێرانن و لەو وڵاته‌وە ماددەی هۆشبەری جۆری (کریستاڵ)یان هێناوەتە هەرێمی کوردستان.

بەگوێرەی بەدواداچوونێکی ئالان زەندی، راگەیاندنکار لە کوردستان24 لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ئەنجامیداوە، بانده‌كه‌ لەشێوەی (کەپسوول) ماددەی هۆشبەریان ئامادە کردبوو، بە شێوازی جیاواز ئه‌م ماددانه‌یان هێنابووه‌ هه‌رێمی كوردستان، دوای دەستگیرکردنیشیان ته‌واوی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانیش ده‌ستیبه‌سه‌ردا گیراوە.

ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە، باندەکە کەپسوولە پڕ لە ماددە کریستاڵەکانیان، بە شێوازی قوتدان لە (گەدەیان) هەڵیانگرتبوو، هەروەها هەندێکی تر لەو ماددە هۆشبەرەیان بەشێوەی هەڵگرتن لە رێگەی (کۆمەوە) لەجەستەیان حەشاردابوو، دوای دەستگیرکردنیان دەستگیراوە بەسەر تەواوی ماددە هۆشبەرەکاندا.