چاڤی: هەست پێدەکەم رێز لە کارەکانم نەگیرا
چاڤی هێرناندێز راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یاریی یانەکەی بەرامبەر ئۆساسۆنا، لە یارییە دواخراوەکەی گەڕی 20ـی لالیگا باسی لەوە کرد، هەست دەکات وەکو پێویست رێز لە کار و دەستکەوتەکانی نەگیراوە.
بارسێلۆنا لە یارییە دواخراوەکەی گەڕی 20ـی خولی ئیسپانیا لە یاریگای خۆی، لە کاتێکدا میوانداری ئۆساسۆنا دەکات، یاریی رابردوو تووشی یەکێک لە قورسترین دۆڕانەکانی مێژوو بووە. پێش یارییەکە چاڤی هێرناندێز رووی لە رۆژنامەنوسان کرد و رەخنەی لێگرتن.
راهێنەرەکەی بارسێلۆنا لەبارەی دەستکەوت و کارەکانی لە ماوەی ئەم سێ ساڵە گووتی '' من هەمیشە یانەکەم لە پێشینەی کارەکانم داناوە تەنانەت لە پێشینەی ژیانی خۆشم. من بیانوو ناهێنمەوە و هەمیشە هەوڵم داوە لە هەر بارودۆخێکدا باشترین ئاست پێشکەش بکەین. کاتێک دەڵێم بارسا لە قۆناغی چاکسازیدایە، ئێوەی میدیاکاران دەمکوژن بمکوژن! کاتێک دەڵێم ئەم تیپە تیپی ساڵی 2010 نییە، دیسان هەمان رەفتارم لەگەڵ دەکەن و خەریکی کوشتنی منن، هەست دەکەم ئێوەی میدیاکار هیچ رێزێک لە کارەکانم و دەستکەوتنەکانم ناگرن، ئێمە ساڵی رابردوو دوو ناسناومان بردووەتەوە ''.
چاڤی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە بڕیاری وازهێنانی لە بارسێلۆنا کرد و گووتیشی '' ماوەیەکی زۆرە بڕیارمداوە کە ئەمە کۆتا وەرزی من دەبێت لەگەڵ بارسێلۆنا وەکو راهێنەر، بەڵام کاتێک ئەو بڕیارەم ئاشکرا کرد، تووشی سەرسورمان بووم، لەبەر ئەوەی زۆر کەس پەیوەندیان پێوە کردم. هاندەرانی بارسێلۆنا پێویستیان بە جۆش و خرۆش هەیە بۆ وەرزی داهاتوو، من خۆم لە هەموو شتێک زیاتر وەکو هاندەرێکی بارسا دەبینمەوە، هەر بۆیە پێموایە بڕیارێکی دروستمداوە ''.
بارسێلۆنا لە کۆی 21 یاریی ئەم وەرزەی لە خولی ئیسپانیا، خاوەنی 44 خالە و بە جیاوازی 11 خاڵ لەگەڵ جیرۆنای پێشەنگی خولەکە، لە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولەکە دێت.
