ساول مۆنتێز: بە گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی ئێران کۆتایی دێت

ساول مۆنتێز، ئه‌ندامی دامه‌زراوه‌ی گۆڵد بۆ ستراتیژی نێوده‌وڵه‌تی
ساول مۆنتێز، ئه‌ندامی دامه‌زراوه‌ی گۆڵد بۆ ستراتیژی نێوده‌وڵه‌تی

K24 – هەولێر:

ئه‌ندامێکی دامه‌زراوه‌ی گۆڵد بۆ ستراتیژی نێوده‌وڵه‌تی، دەڵیت: بایدن نایەوێت رووبەڕووی ئێران ببێتە، بەڵکو دەیەوێت رێککەوتنی لەگەڵدا بکات. دەشڵێت: ئەگەر ترەمپ بگەڕێتەوە بۆ کۆشکی سپی ئێران کۆتایی دێت.

ساول مۆنتێز، ئه‌ندامی دامه‌زراوه‌ی گۆڵد بۆ ستراتیژی نێوده‌وڵه‌تی، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 رایگەیاند، ئەگەر وەڵامی هێرشەکانی حزبووڵا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا نەدرێتەوە رەنگە هێرشەکانیان زیاتر بکەن.

ئەو ئەندامەی دامەزراوەی گۆڵد راشیگەیاند، "زۆر کەم بڕوام بە ئیدارەی بایدن هەیە لەسەر وەڵامدانەوەی کرداری، ئەو زۆر حەز دەکات رێککەوتن لەگەڵ ئێران بکات، بڕوام بە وەڵامی هێرشەکانی نییە و هەر ئەمەشی لێ چاوەڕێ دەکرێت".

ساول مۆنتێز، دەڵێت: دەبێت راستەوخۆ هێرش بکرێتە سەر ناو جەرگەی ئێران بە تایبەت سوپای پاسداران، ئەگەر سەرچاوە داراییەکانی ئێران سفر بکرێت ئەوکاتە میلیشیاکان و ئێرانیش لاواز دەبن، ئەمەریکا دەتوانێت ئەو کارە بکات، ئەوەش تەنیا بڕیارێکی سیاسی دەوێت، کە لە ئێستادا ئەمەریکا ئەو بڕیارەی نییە.

ئەو ئەندامەی دامەزراوەی گۆڵد، گوتیشی: ئیدارەی بایدن هێرشەکانی کاریگەری نابێت، تەنیا بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکان چەند مووشەکێک داهاوێژێت و چەند وشترێک بە ئامانج دەگرێت، هەر کاتێک ئەمەریکا وەڵامی بەهێزتری نەدابێتەوە ئێران بەهێزتر بووە.

ساول مۆنتێز، ئاماژەی بەوەدا، ئەمەریکا راستە بەهێزترین سوپای هەیە لە جیهان بەڵام بڕیارەکی ئازایانەی سیاسی نییە تا سنوورێک بۆ هێرشی ئێران و گرووپە میلیشیاکانی نزیک لەو وڵاتە دابنێت.

ئەو ئەندامەی دامەزراوەی گۆڵد، سەرنجی بۆ ئەوەش راکیشا، ئەگەر ترەمپ لە هەڵبژاردن دەربچێتەوە و بێتەوە کۆشکی سپی بێگومان ئێران بە شێوەیەک لاواز دەکات کە توانای هیچ هێرشەکەی نەبێت، بۆیە بە گەڕانەوە ترەمپ ئێران کۆتایی دێت.