پۆڵەندا داوای "قەرەبووی دارایی" لەسەر زیانەکانی جەنگی جیهانی دووەم لە ئەڵمانیا دەکات
K24 - هەولێر
رادۆلاڤ سیکۆرسکی وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا، داوای لە ئەڵمانیا کرد "قەرەبووی دارایی" بداتەوە بۆ ئەو زیانانەی کە وڵاتەکەی لەسەر دەستی هێزەکانی نازی لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووەمدا تووشی بوو.
داواکەی وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا لە یەکەم سەردانیدا بوو بۆ بەرلین، دوای ئەوەی لە مانگی 11ـی 2023، حکومەتێکی نوێ لە وارشۆ دەسەڵاتی گرتە دەست.
ئەم بانگەشەیەی سیکۆرسکی هاوشێوەی ئەو بانگەشەیەیە کە لە ئەیلوولی 2020 دا لەلایەن سەرۆکی پارتی یاسا و دادپەروەری گەلی پۆڵەنداوە ئەنجامدرا، کە دەڵێت: "ئەڵمانیا دەبێت 1.3 ترلیۆن یۆرۆ (1.4 ترلیۆن دۆلار) بدات بۆ قەرەبووکردنەوەی مردنی زیاتر لە 5.2 ملیۆن هاووڵاتی پۆڵەندی".
سیکۆرسکی دوای گفتوگۆکانی لەگەڵ هاوتا ئەڵمانییەکەی ئانالینا بێربۆک، بە کەناڵی "فێڵت تیڤی"ـی راگەیاند، "ئەوەی ئەڵمانیا لە جەنگی جیهانی دووەمدا بەرامبەر پۆڵەندا کردی ترسناک و کارەسات بوو".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئەڵمانیا چارەسەرێکی داهێنەرانە بدۆزێتەوە بۆ دەربڕینی ئەم ئازارە و دەربڕینی پەشیمانی، ئەوە یارمەتیدەر دەبێت و شتێکی باش دەبێت بۆ ئەو خەڵکەی کە لەم قۆناغەدا رزگاریان بووە".
بۆیە ئەم پێداچوونەوە رۆشنبیرییە ئەخلاقییەی رابردوو دەبێت ببێتە هۆی قەرەبووکردنەوەی دارایی.
پرسی قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگی جیهانی دووەم، پەیوەندییەکانی نێوان بەرلین و حکومەتی پێشووی پۆڵەندا بە سەرۆکایەتی ماتیۆس مۆراڤیسکی لە پارتی یاسا و دادپەروەری تێکدابوو، کە پێداگری لەسەر قەرەبووکردنەوەی ئەڵمانیا دەکرد.
ئەڵمانیا چەندین جار داواکارییەکانی قەرەبووکردنەوەی دارایی پۆڵەندای رەتکردووەتەوە و ئاماژەی بە بڕیارێک کرد کە لە ساڵی 1953 لەلایەن پۆڵەنداوە درابوو بۆ وازهێنان لە هەر داواکارییەکی لەم جۆرە.