ژاپۆن رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ رووسیا بەدوور دەزانێت

ئاڵای ژاپۆن
ئاڵای ژاپۆن

K24 - هەولێر

سکرتێری گشتیی حکومەتی ژاپۆن رایگەیاند، هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بەرێککەوتنی ئاشتی لە ئێستادا بە دووری دەزانێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 31ـی کانوونی دووەمی 2024، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، یۆشیماسا هایاشی، سکرتێری گشتیی حکومەتی ژاپۆن رایگەیاند، هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی ناوچەکە و بەستنی پەیمانی ئاشتی لەگەڵ رووسیا هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە، بەڵام لە ئێستادا گەیشتن بە رێککەوتن بەدووری دەزانرێت.

ناوبراو لە کۆنگرەکەدا گوتی: "بەهۆی ململانێکانی ئۆکرانیا، پەیوەندییەکانی رووسیا و ژاپۆن لە دۆخێکی سەختدا ماونەتەوە، بەڵام هەڵوێستی ئێمە وەک خۆی ماوەتەوە و نەگۆڕاوە، حکومەتی ژاپۆن بە تواوی پابەندە بە هەڵوێستی خۆیەوە، سەبارەت بە پەیمانی ئاشتی".

هایاشی ئاماژەی بەوەشدا، گفتوگۆی نێوان هەردوو وڵات سەبارەت بە ئەنجامدانی ئاشتی تا بەهاری 2022 بەردەوام بوو، بەڵام دوای ئەوەی ژاپۆن سزاکانی بەسەر رووسیادا سەپاند، پرۆسەی ئاشتی بە دەستپێشخەریی مۆسکۆ "تاکلایەنە" وەستا.

پێشتر فومیۆ کیشیدا، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی دەیەوێت پەیمانی ئاشتی لەگەڵ رووسیا ئەنجامبدات، بەڵام بەنیازە بەردەوام بێت لە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا و درێژەبدات بە سزادانی رووسیا.

مۆسکۆ چەندین جار هەڵوێستی خۆی دووپاتکردووەتەوە کە دوورگەکان لە دوای جەنگی جیهانی دووەم بوونەتە بەشێک لە یەکێتی سۆڤیەت و سەروەری رووسیا.