یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دواخرا

K24 – کەرکووک

پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک، دوای کەمتر لە 24 کاتژمێر بە نووسراوێک وادەی بەڕێوەچوونی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێی پارێزگای کەرکووکی دواخست، کە بڕیاربوو کاتژمێر دووی دوا نیوەڕۆی سبەی پێنجەشەممە بەڕێوەبچێت، پاساوی دواخستنی کۆبوونەوەکەشی گەڕاندووەتەوە بۆ رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ لەیەک نزیکبوونەوەی لایەنەکان.

بەگوێرەی ئەو نووسراوەی دەست کوردستان24 کەوتووە، کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ رۆژی دووشەممە (5ی شوباتی 2024) دواخراوە.

دەربارەی دواخرانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێی پارێزگای کەرکووک، حەسەن مەجید ئەندامی نوێی ئەنجوومەن و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ کوردستان24 گوتی: بڕیاربوو یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەن زیاتر یەکتر ناسین بێت و ژمارەیەک کەسایەتی ئایینی و سیاسیی سنووری پارێزگاکە ئامادەی کۆبوونەوەکە بن، بەڵام ئەمڕۆ بەنووسراوێک ئاگادارکراینەوە کۆبوونەوەکە دواخراوە.

راشیگەیاند، پارتی داوای دواخستنی کۆبوونەوەکەی نەکردووە و ناشزانێت چ لایەنێک ئەو داواکارییە پێشکەشکردووە.

سەبارەت بەهەوڵەکانی پێکهێنانی هاوپەیمانی، حەسەن مەجید گوتی: ئەمە پرسێکە لە دەرەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا لەلایەن سەرکردەی حزبە سیاسییەکانەوە یەکلایی دەکرێتەوە، بەڵام پارتی پارێزبەندی لەسەر گفتووگۆ لەگەڵ هیچ لایەنێکی سیاسیی نییە، ئەوەی بەلای پارتییەوە گرنگە کەرکووک پارێزگارێکی کوردی هەبێت و حزمەتی هەموو پێکهاتەکان بکات و کۆتایی بە تەعریبکردن بێنێت لە پارێزگاکە.

لە دوای 18ساڵ، دانیشتووانی کەرکووک رۆژی دووشەممە (1ی کانوونی یەکەیمی 2023)، لە چوارچێوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، دەنگیاندا بۆ هەڵبژاردنی 16 ئەندامی نوێی ئەنجومەن، کە 11 کورسی ئەنجومەنەکە بۆ پیاوان و چوار کورسیشی بۆ ئافرەتان و یەک کورسیش بۆ کۆتای پێکهاتەکان بوو، ئێستا کورد حەوت کورسی لە ئەنجومەنەکە هەیە.