گەنجینەی ئەمەریکا سێ دامەزراوە و کەسایەتی سزا دەدات

باڵەخانەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا
باڵەخانەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سێ دامەزراوە و کەسایەتی سزا دەدات و رایدەگەیەنێت، دامەزراوەکان بە فرۆشتنی کاڵای ئێرانی دەدان ملیۆن دۆلاریان دەستکەوتووە و هاوکاری پاسدارانیان کردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (31ـی کانوونی دووەمی 2024) وەزارەت گەنجینەی ئەمەریکا سزای بەسەر سێ دامەزراوە و کەسایەتی لە تورکیا و لوبنان سەپاند کە تۆمەتباری کردوون بە فرۆشتنی کاڵا بۆ پارەدارکردنی سوپای پاسداران و حزبوڵڵا.

گەنجینەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا، دامەزراوەکان و حکومەتی سووریا بە فرۆشتنی کاڵای ئێرانی سەدان ملیۆن دۆلارییان دەستکەوتووە و فرۆشتنی ئەو کاڵایانە بووەتە سەرچاوەی داهاتی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، حزبوڵڵا و  گرووپە چەکدارەکانی دیکە لە ناوچەکەدا.

وەزارەتەکە دووپاتیشی دەکاتەوە، رێگری دەکەن لە قۆستنەوەی سیستەمی بازرگانی نێودەوڵەتی لەلایەن سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لەو سوپایە، کە سیستەمەکە بۆ تێکدانی سەقامگیری بەکاریدەهێنن.

پێشتریش وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، فەرمانگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی، بە تۆمەتی هاوکاریکردنی سوپای پاسدارانی و گرووپە چەکدارەکان لە عێراق، سووریا و لوبنان، سزای بەسەر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای فڵای بەغدا سەپاند.

هەروەها وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سزای بەسەر حوسێن موئنیس، سەرۆکی بزووتنەوەی ماف لە پەرلەمانی عێراقیشدا سەپاند کە تۆمەتباری کردبوو بەوەی کەلوپەلی بۆ سوپای پاسداران گواستووەتەوە.

وەزارەتەکە جەختی لەوەشکردەوە، ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە راگرتنی چالاکییە نایاساییەکانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە کە ئامانجیان تێکدانی سەقامگیری ناوچەکەیە.