دوای رۆیشتنی چاڤی کێ زەرەرمەند و سودمەند دەبێت؟
دوای ئەوەی چاڤی هێرناندێز راهێنەری بارسێلۆنا رایگەیاند کۆتایی ئەم وەرزە یانەکەی جێدێڵێت، هەندێ کەس و یانە لەم بڕیارەی زەرەرمەند دەبن و هەندێکیشیان بە پێچەوانەوە سوودمەند دەبن.
شکستە قورسەکەی بلاوگرانا بەرامبەر ڤیاریاڵ لە یاریگای خۆی، وایکرد راهێنەرەکەی ئەو یانەیە بەفەرمی وازهێنانی خۆی لە کۆتایی ئەم وەرزە راگەیەنێت، ئەمەش وایکردووە چەند کەس و یانە لەم بڕیارەی ئەو راهێنەرە سوودمەند بن و هەندێک زەرەرمەند دەبن. لەم راپۆرتەی ماڵپەری گۆڵ باس لەو دوو لایەنە دەکات.
سوودمەند: خوان لاپۆرتا
خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا هەرگیز بیری لەوە نەکردەوە چاڤی لە پۆستەکەی دووربخاتەوە، بەڵام ئەنجامە خراپەکانی ئەم وەرزە وایکرد، کارگێری یانەکەی بیر لە دوورخستنەوەی بکەن.
هەرچەندە لاپۆرتا زۆر بە ئاسانی بڕیاری دوورخستنەوەی ڕۆناڵد کومان راهێنەری پێشووی یانەکەیدا، بەڵام بڕیاری دوورخستنەوەی چاڤی ئەوەندی ئاسان نەبوو، بۆیە وازهێنانەکە لەلایەن خودی چاڤی لە بەرژەوەندی سەرۆکی یانەکە بوو، ئەویش دەتوانێت لە ئێستاوە شوێنگرەوەیەکی باشی بۆ بدۆزێتەوە.
زەرەرمەند: ڕاهێنەری داهاتوو
کاری ڕاهێنەرایەتی لە بارسێلۆنا ئەوەندە ئاسان و خۆش نییە و چاڤیش ئەو کاتەی لە ساڵی 2021دەستبەکاربوو، ئاگاداری ئەم بابەتە بوو، لە بەرامبەردا کارگێری یانەکەش چانسی ئەوەیان پێدرا کە راهێنەری یانەکەی، دوای نزیکەی سێ ساڵ، خۆی بڕیاری وازهێنان بدات، بۆ ئەوەی هیچ فشارێکی دیکەیان لەسەر دروست نەبێتەوە.
هەرچەندە بارودۆخی ئێستا بارسێلۆنا باشترە لە مانگی تشرینی دووەمی 2021 بوو، بەڵام کێشەی گەورە لە تیپەکەدا هەیە، یەکێک لە دیارترین کێشەکانیش قەیرانی دارایی یانەکەیە.
ڕەنگە لاپۆرتا لە هەندێک کاتدا زیرەکانە مامەڵەی لەگەڵ دۆخە داراییەکە کردبێت، بەڵام هێشتا بلاوگرانا بەدەست قەیرانی داراییەوە دەناڵێنێت، پێدەچێت بۆ چەند ساڵێکی دیکە بەردەوام بن لەسەر ئەم قەیرانە، بۆیە ڕاهێنەری داهاتووش بودجەیەکی زۆری بەردەست نابێت بۆ ئەوەی بتوانێت بە خواستی خۆی یاریزانی کوالێتی بەرز بگوازێتەوە، لەبەر ئەوەیە ئەستەمە ئەو کەسەی لە شوێنی چاڤی دەبێتە راهێنەری بارسێلۆنا سەرکەوتوو بێت.
سوودمەند: رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی
لە چەند مانگی ڕابردوودا ئاستی لیڤاندۆڤسکی دابەزینێکی زۆر بەخۆیەوە بینیوە، ئەویش بەهۆی ئاستە خراپەکەی هێلی پێشەوە یانەکەی بووە، کە بە گشتی گۆڵکارانی ئەو یانەیە کەمترین گۆڵیان کردووە.
دەکرێت هەندێک بیانۆ بۆ دابەزینی ئاستی لیڤاندۆڤسکی دیاری بکرێت، دیارترینیان گۆڕینی پلانەکانی راهێنەر لە هێلی پێشەوە، لە پلانی 4-3-3 بۆ 4-4-2، چونکە راهێنەر لەم پلانەی، زیاتر پشتی بە یاریزانەکانی هێلی ناوەڕاست بەستووە.
لیڤا هاوینی ساڵی 2026 گرێبەستەکەی لەگەڵ بلاوگرانا کۆتایی دێت، بێگومان لەم ساڵانەی دواییەی کاروانی پیشەگەری، رەنگە پێویستی بە راهێنەرێکی نوێ هەبێت، بۆیە دەکرێت ئەو هێرشبەرە پۆڵەندیە یەکێک لە سوودمەندەکانی بڕیاری چوونی چاڤی لە یانەکەی بێت.
زەرەرمەند: ریاڵ مەدرید
هاندەرانی بارسێلۆنا دەبێت ئەو راستیە قەبول بکەن، هاندەرانی ریال مەدرید دڵخۆش بوون کاتێک چاڤی ڕاهێنەری پۆستی راهێنەرایەتی یانەکەیانی گرتە ئەستۆ، لەبەر ئەوەی هاندەرانی مێرنگی دڵنیابوون، کەم ئەزموونی چاڤی لە راهێنەرایەتی، لە سوودی یانەکەیان دەبێت.
هەرچەندە هاندەرانی ریاڵ مەدرید بۆ ماوەیەکی زۆر دڵخۆش نەبوو، چونکە چاڤی وەرزی ڕابردوو توانی ناسناوی لالیگا لە چنگی یانەکەیان دەربێنێت، هەروەها لە جامی سوپەریش لە یانەکەیانی بردەوە، هەروەها لە خولی ئیسپانیاش یانەکەیانی تووشی دۆڕانێکی قورس کرد، بەڵام دواتر هەموو شتێک لە بەرژەوەندی یانەکەیان سوورایەوە.
بارسێلۆنا بەدەست چەندین کێشەی گەورەوە دەناڵێنێت و هۆکاری زۆربەشیان چاڤی راهێنەری یانەکەیە، بۆیە دوای چوونی ئەو راهێنەرە رەنگە ئەو یانەیە بەهێزتر بێت، ئەو کات ریاڵ مەدرید زیانی پێدەگات.
