رووسیا و ئۆکڕانیا دیلەکان ئاڵوگۆڕ دەکەن

K24 - هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات رایگەیاند، سەرکەوتنی بەدەستهێناوە لە نێوەندگیرییەکی نوێ سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی دیلەکانی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ـی شوباتی  2024، لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات رایگەیاند، وڵاتەکەی سەرکەوتنیکی نوێی نێوەندگیری بەدەستهێناوە، بۆ ئاڵوگۆڕی دیلەکانی نێوان وڵاتی رووسیا و ئۆکرانیا، گوتیشی: "ئەو نێوەندگیرییە نوێیە رەنگدانەوەی پێگەی جیهانی ئیماراتە وەک هاوبەشێکی متمانەپێکراو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی".

وەزارەتەکە راشیگەیاند، ئیمارات هەوڵی گفتوگۆ و کەمکردنەوەی شەڕی ئەو دوو وڵاتە دەدات کە لە شوباتی 2022وەوە بەردەوامە.

لە سەرەتای مانگی یەکدا، نێوەندگیری ئیمارات بووە هۆی ئازادکردنی دیلەکانی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، ئەمە جگە لە هەوڵی هاوشێوە کە لە کانوونی دووەمی 2022دا بووە هۆی ئازادکردن و ئاڵوگۆڕی دوو دیل لە نێوان ئەمریکا و رووسیا.

رۆژی 24ی شوباتی 2022، سوپای رووسیا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆسەر ئۆکرانیا دەست پێکرد، ئەمەش کاردانەی نێودەوڵەتیی بەدوای خۆیدا ھێنا و ژمارەیەک لە وڵاتان سزای ئابووری و دارایی قورسیان بەسەر مۆسکۆدا سەپاند.

رووسیا کۆتاییهێنانی ئۆپەراسیۆنەکەی بەستووەتەوە بە دەستبەرداربوونی ئۆکرانیا لە پلانی ئەندامبوونی لە ناتۆ و پابەندبوونی بە بێلایەنیی تەواو، لە بەرامبەردا ئۆکرانیا ئەم داوایەی رووسیا بە دەستوەردانی لە سەروەریی وڵاتەکەی دادەنێت.