ئەمەریکا مووشەکێک و سێ درۆنی حوسییەکانی خستە خوارەوە
K24 - هەولێر
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا خستنەخوارەوەی مووشەکێکی بالیستی و سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێرانی کە لەلایەن حوسییەکانەوە هەڵدرابوو راگەیاند.
سێنتکۆم، لە پلاتفۆرمی "ئێکس" بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، کەشتی تێکدەری کارنی، ئێوارەی دوێنێ، چوارشەممە، مووشەکێکی بالیستی لەگەڵ سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خستۆتە خوارەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، هەڵدانی مووشەکەکە و درۆنەکان کەمتر لەیەک کاتژمێر نێوانیان هەبووە، هەروەها پشتڕاستی کردەوە کە لە ئەنجامی هێرشەکەدا هیچ بریندار و زیانێک نەبووە.
ئەم هێرشە دوای ئەوە هات کە بەرپرسێکی ئەمەریکی رایگەیاند، ئەمەریکا 10 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە یەمەن لەناو بردووە، کە ئامادەکاری بۆ هەڵدرانی کرابوو.
هاوکات حوسییەکانیش رایانگەیاند، کە ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ بە ئامانجگرتنی "کەشتییەکی بازرگانی ئەمەریکا" لە کەنداوی عەدەن ئەنجامداوە.
هێرش و ئاڵۆزییەکانی نێوان حوسییەکان و ئەمەریکا لەدوای شەڕی غەززەوە دەستیپێکرد، کەتاوەکو ئێستا حوسییەکان بەدەیان جار هێرشیان کردووەتە سەر ئەو کەشتییە بازرگانییانەی بە کەنداوی عەدەن و دەریای سووردا تێدەپەڕن. ئەمەریکاش چەندین جار سەکۆی مووشەک و درۆنی حووسیەکانی بە ئامانج گرتووە.